رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد و دەستبەرداری ئەو دەستکەوتانە بوو کە رۆژێک پێشتر تۆماری کردبوون. ئەمەش دوای ئەوەی دروستبوونی هیوا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی، ترسی پەککەوتنی خستنەڕووی نەوتی تاڕادەیەک کەمکردەوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.22 دۆلار یان بە رێژەی 1.1% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 114.10 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 1.33 دۆلار، یان بە رێژەی 1.3% دابەزی بۆ 101.45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1.3% و نەوتی تەکساس بە رێژەی 3% بەرزببوونەوە.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی ئاراستەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی.
یووکی تاکاشیما، ئابووریناس لە کۆمپانیای (نۆمورا سیکیوریتیز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەهۆی چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی، گوشاری فرۆشتن لە بازاڕدا دروستبووە، سەرەڕای ئەوەش، پاشەکشەی نرخەکان سنووردارە،" ئەم سنوورداربوونەش بەهۆی بەردەوامیی هێرشی حووسییەکان و ترسی دەستپێکردنی هێرشی نوێی ئەمریکایە دژ بە ئێران لەدوای هەڵبژاردنی نیوەخولی 3ی تشرینی دووەم.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو هاوپەیمانێتییەی سعودیە رابەرایەتیی دەکات، رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانی لە ئاسمانی ناوچەی رۆژهەڵاتی شانشینەکە تێکشکاندووە. هێزەکانی حکومەتی یەمەنیش رایانگەیاند، حووسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی عەدەن. ئەم هێرشانەش دوای رۆژێک دێن لەوەی حووسییەکان رایانگەیاندبوو، گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی سعودیەیان لە یەنبوع پێکاوە، هەرچەندە ریاز بە فەرمی ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە رەوتی دیپلۆماسیشدا، نێوەندگیرانی قەتەری رەشنووسێکی نوێیان پێشکێش بە ئێران کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێران ئەو پێشنیازەی بە بیرۆکەی نادروست و قبووڵنەکراو وەسف کردووە. هەرچەندە وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران هێشتا دەرفەت بە دیپلۆماسی دەدات بۆ سەرکەوتن.
هاوکات پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و گازوایل لەلایەن رووسیاوە، بووەتە هۆی هێوربوونەوەی زیاتری نرخەکان. شیکاریکارانی بانکی جەی پی مۆرگان ئاماژەیان بەوە کردووە، لەدوای 15ی تشرینی یەکەمەوە هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا وەستاوە، ئەمەش وایکردووە توانای پاڵاوتنی ئەو وڵاتە بۆ 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە و زەمینە بڕەخسێنێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەو ئاستە نزمەی کە پێشتر تۆماری کردبوو.
.jpg&w=3840&q=75)



