رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، قۆناخی یەکەم و دووەمی پڕۆژەی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئاسیکۆدا" 100% تەواو کراوە و کارکردن لە قۆناخی سێیەم و کۆتاییدا بەردەوامە، بەپێی پلانەکەش تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028 تەواوی سیستمی گومرگی وڵات بەدیجیتاڵی دەکرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی گشتیی گومرگ، تاوەکو ئێستا سیستمەکە لە 25 ناوەندی گومرگی لە دەروازە وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکاندا جێبەجێ کراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەپێدانی سیستمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، چاودێریی زیرەک، بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و بەستنەوەی ئەلیکترۆنی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
قۆناخی سێیەم سەرنج دەخاتە سەر دامەزراندنی سیستمی "پەنجەرەی یەکگرتوو" بۆ بازرگانیی دەرەکی، هەروەها یەکخستنی رێکارە ئەلیکترۆنییەکان لەنێوان دامەزراوە حکومییەکان، لایەنە پشتیوانەکان و کەرتی بانکیدا، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی مامەڵەی دەستی و خێراکردنی راییکردنی کاری بازرگانی.
هەروەها قۆناخی داهاتوو برەودان بە بەستنەوەی ئەلیکترۆنی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، بانکەکان و کەرتە پەیوەندیدارەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی تایبەت بە مۆڵەتی گومرگی و حەواڵە داراییەکان؛ جگە لە فراوانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای چاودێریی زیرەک بۆ زوو ئاشکراکردنی سەرپێچییەکان و پاراستنی داهاتی گشتی.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لەگەڵ شارەزایانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (ئۆنکتاد) کۆبووەتەوە، تێیدا قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و پێداویستییەکانی قۆناخی کۆتایی تاوتوێ کراون.
د. سامر داود رایگەیاندووە، تەواوکردنی قۆناخی سێیەم وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە نوێکردنەوەی کاری گومرگیدا، هەروەها رێنمایی داوە بە چڕکردنەوەی هاوئاهەنگیی تەکنیکی لەگەڵ شارەزایانی ئۆنکتاد، چارەسەرکردنی ئاستەنگە هونەرییەکان، بەهێزکردنی ژێرخان و بەرزکردنەوەی توانای کادیرانی ناوخۆیی، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەپێی خشتەی دیاریکراو جێبەجێ بکرێت.
ئەسیکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کاڵا.
دەستەی گشتیی گومرگ دەڵێ، ئامانج لە تەواوکردنی پڕۆژەکە ئاسانکارییە بۆ جووڵەی بازرگانی، بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت و پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، هاوکات پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و زیادکردنی داهاتی نانەوتییە.
108 وڵاتى و ناوچەی جیهان کار بە سیستمى رێوشوێنى بازرگانى ئەسیکۆدا دەکەن، کە زۆرینەیان لە کیشوەرى ئەفریقا و ئەمریکاى باشوورن، بەڵام تائێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەى ئەو سیستمە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان کاری پێ بکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)