رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەرویجیی (دی ئێن ئۆ - DNO) راپۆرتی دارایی چارەکی سێیەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور لە هەرێمی کوردستان، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ تۆمارکردنی بەرزترین داهات و قازانج لە مێژووی 55 ساڵەی کۆمپانیاکەدا؛ بە جۆرێک کە داهاتی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.
کۆمپانیا نەرویجییەکە ئاشکرای کردووە، لە ناوەڕاستی ئەم ساڵدا، دوای چوار مانگ لە راگرتنی کارەکانی بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان لە ناوچەکەدا و وەک رێکارێکی خۆپارێزی، بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی تاوکێ (لە 28ی حوزەیران) و پێشخابوور (لە 11ی تەممووز) دەستی پێکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، بەرهەمهێنانی گشتی لە تاوکێ (کە دی ئێن ئۆ 75% و گەنەل ئێنەرجی 25%ی پشکەکانیان هەیە) لە چارەکی سێیەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 73 هەزار و 219 بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە چارەکی دووەمدا تەنیا 363 بەرمیل بووە؛ لەم بڕەش، 38 هەزار و 548 بەرمیلی لە کێڵگەی پێشخابوور و 34 هەزار و 671 بەرمیلی لە کێڵگەی تاوکێ دەرهێندراوە.
پشکی کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 54 هەزار و 914 بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش نزیکەی 38.5%ی کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەی لەسەر ئاستی جیهان پێکهێناوە.
خاڵێکی بەرچاوی راپۆرتەکەی (دی ئێن ئۆ)، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتە لە بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دا:
لە چارەکی سێیەمدا نەوت بە تێکڕای 38.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشراوە (بەرزترین ئاستە لەدوای راگرتنی هەناردەکردن لە ئاداری 2023).
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، نرخی فرۆشتنی نەوتی (دی ئێن ئۆ) بۆ 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە، کە بەراورد بە سەرەتای ساڵ نزیکەی 50% زیادی کردووە.
هەموو پارەی نەوتەکەش پێشوەختە و پێش رادەستکردنی بارە نەوتەکان، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی نێودەوڵەتیی کۆمپانیاکە.
داهاتی (دی ئێن ئۆ) لە هەرێمی کوردستان لە چارەکی سێیەمدا گەیشتووەتە 99.5 ملیۆن دۆلار و قازانجی کارپێکردنیشی 26.2 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کە کێڵگەکانی کوردستان یەکێکن لە کەم خەرجترین کێڵگەکانی جیهان، بە جۆرێک تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت تێیاندا تەنیا 5.7 دۆلارە، لە کاتێکدا لە دەریای باکوور دەگاتە 10.3 دۆلار. لەبەر ئەم هۆکارەش کۆمپانیاکە وەبەرهێنانی لە کوردستان زیادکردووە و لە 9 مانگی ئەم ساڵدا 43 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە.
هەڵکەندنی بیری نوێ و قەرزەکانی سەر حکومەت
(دی ئێن ئۆ)، کە خۆی بە چالاکترین کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان دەزانێت، رایگەیاندووە، ئامێری دووەمی هەڵکەندنی خستووەتەگەڕ و لە چوارچێوەی بەرنامەی هەڵکەندنی هەشت بیر بەردەوامە و نیازی هەیە لە ساڵی 2027 ئامێری سێیەمیش بهێنێت. کۆمپانیاکە خاوەنی 199 ملیۆن بەرمیل یەدەگی سەلمێندراوە (2P) لە کوردستان.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانیشی، (دی ئێن ئۆ) ئاشکرای کردووە، تاوەکو 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ 286.3 ملیۆن دۆلار قەرزی لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە (کە پەیوەستە بە فرۆشتنی نەوت پێش راگرتنی هەناردە لە 2023)؛ لە چارەکی سێیەمیشدا تەنیا 1.5 ملیۆن دۆلار لەو قەرزانە لە رێگەی پاکتاوکردنەوە لێیان گەڕاوەتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)
