رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ چوارشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرەدەستێنن دوای ئەوەی ئەمریکا نوێترین گەڕی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و بەگوێرەی راپۆرتەکانیش تاران وەڵامی هاوپەیمانانی ئەمریکای داوەتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 96.59 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 1.73% بەرزبووەوە و بە 91.78 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێرشەکان "دوای ئەو هەوڵانە دێن کە سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و سەربازانی ئەمریکا ئەنجامیداون."
سەنتەری ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی دووشەممە تانکەرێکی نەوت لەکاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا، بە سێ کەرەستەی نەناسراو پێکراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی، "هەوڵ نادەم ئێران ناچاری گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بکەم."
ترەمپ دەشڵێت، "ئێستا پێگەی ئێمە زۆر باشترە، بەجۆرێک نزیکەی کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزمان هەیە و ئابوورییەکەشیان بە تەواوی لە لێواری داڕووخاندایە."
ئێران وەک وەڵامێک بۆ نوێترین هێرشەکانی ئەمریکا، بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کوێت، ئوردن و بەحرێن.
لەو بارەیەوە ئێدوارد رۆزنبێرگ، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (ستراتیجی شەیرز) رایگەیاند، "هەرچەندە جەنگ لەگەڵ ئێران درێژە بکێشێت، نرخی نەوت بە بەرزی و ناجێگیری دەمێنێتەوە."



