رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی لە نزیک 3,900 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ بۆ ماوەیەک 3914 دۆلاریشی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەخێرایی بۆ نزیکەی 3900 دۆلار دابەزییەوە.
لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەی بازاڕدا، نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت نیگەرانییەکانی هەڵاوسانی کەمکردەوە و هاوکات کڕیاران سوودیان لە دابەزینی نرخەکان وەرگرتووە.
نرخی زێڕ لە مانگی تشرینی یەکەمدا تووندترین دابەزینی مانگانەی خۆی لەدوای ساڵی 2008ـەوە تۆمارکرد. مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان و شەپۆلی فرۆشتنی پشکەکانی تەکنەلۆژیا هێشتا وەک بەربەست لەبەردەم زێڕدا ماونەتەوە و بەربەستی سەرەکین لەبەردەم بەرزبوونەوەی ماناداری نرخی زێڕ.
دابەزینی نرخی نەوت لەپێش هەڵبژاردنی نیوەخولی رۆژی سێشەممەی ئەمریکا، ئارامی بەخشییە بازاڕەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی لە چارەسەری دیپلۆماسی دەکات بۆ جەنگی ئێران.
شەپۆلی داڕمانی پشکەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لە وۆڵ ستریت، وەبەرهێنەرانی ناچار کرد بەشێک لە زێڕەکانیان بفرۆشن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان لە بۆرسەدا، ئەوەش ئاستی بەرزبوونەوەی زێڕی سنووردار کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)