رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە سەرەتای مامەڵەکان لە بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش بەهۆی گەشبینی بە پێشکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بۆ رادەستکردنی مانگی کانوونی دووەم 3 دۆلار و 73 سەنت یان بەڕێژەی 3.29٪ دابەزی و بەرمیلێکی بە 109.7 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 3 دۆلار و 71 سەنت یان بەڕێژەی 3.56٪ دابەزی بۆ 100.38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێی راگەیاندووە پێی باشە پێش بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی، دەرفەتی زیاتر بە دیپلۆماسی بدرێت. ئەوەش نیگەرانیی نەتەنیاهووی لێکەوتووەتەوە کە داوای کردووە دەستبەجێ لەدوای هەڵبژاردن نیوەخولی کۆنگریس، هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.
شاندی دیپلۆماسیی ئێران و قەتەر بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز. لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایانی وزە هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن، ئەگەری پەرەسەندنی سەربازی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەیەو ئەوەش دەتوانێت نرخی نەوتی برێنت بەرەو 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبکاتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)