رووداو دیجیتاڵ
بازاڕە جیهانییەکان چاوەڕوانی هاتنی مانگی ئەیلوولن تاوەکو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی بدات بۆ دەستکارینەکردن، یاخود زیاد یان کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە وڵاتەکەدا.
ئەم پرسە شرۆڤەی محەممەد شێخ فاتیح و د. ترەیدەر بوو لە گفتوگۆی ئەمجارەدا. د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە رایگەیاند، پرسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دانەخراوە، بەڵکو تەنیا پرسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
هەفتەی رابردوو چەند ئامارێک لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە لەنێویاندا داتاکانی پێوەری نرخی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان، د. ترەیدەر لەبارەی بڵاوبوونەوەی داتا و ئامارەکان گوتی: "بازاڕ بە بڵاوبوونەوەی داتاکان دڵخۆش بوون."
ئامارەکانی CPI و PPI نیشان دەدەن رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، لە نێوان حوزەیران و تەممووزی 2026ـدا کەمێک دابەزیوە.
بەپێی داتاکان، CPI لە حوزەیرانەوە کە 3.5% بوو، لە تەممووزدا بۆ 3.4% دابەزیوە.
لە هەمان ماوەدا، Core CPIـەکەش کە کاریگەریی لەسەر نرخی خواردن و وزە هەیە، لە 2.6% بۆ 2.5% کەم بووەتەوە.
لە بازاڕی بەرهەمهێنانیشدا، PPI لە 4.8% لە حوزەیرانەوە بۆ 4.7% لە تەممووز دابەزیوە. بەڵام Core PPI بەبێ گۆڕان ماوەتەوە و لە هەردوو مانگەکەدا 4.7% بووە.
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارەی بازاڕە داراییەکان، ئەوەی کاریگەریی لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەیە داتاکانی نرخی بەکاربەرن، بەڵام تاوەکو ئێستا بڵاونەکراونەتەوە.


