رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 11ـی ئابی 2026، نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە و نرخی هەر ئۆنسەیەک بە 4 هەزار و 375 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووە.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح شرۆڤەی نرخی زێڕ و داهاتووی کانزا زەردەکەی کرد و رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئاساییە و لە ژێر کاریگەری بڕیارە سیاسییە جیهانییەکانە.
باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ناتوانرێت بگوترێت زێڕ ئاڕاستەی بازاڕی بۆ بەرزبوونەوە گۆڕیوە، چونکە گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە هەواڵە سیاسییەکانەوە.
بە گوتەی د. ترەیدەر، نرخی 4 هەزار و 400 دۆلار بۆ زێڕ دەتوانرێت یەکلاکەرەوە بێت، کڕیار و فرۆشیاران دەتوانن ئاڕاستەی بازاڕ بۆ بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە دیاری بکەن.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەبێت هاونیشتمانیان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، چونکە گۆڕانکارییەکان لە نرخی زێڕ خێران و دەکرێت زیان بکەن.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پێشبنی شرۆڤەکارانی بۆ داهاتووی کانزا زەردەکە بەرزکردووتەوە و چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕ لە کۆمپانیای (IG) دەڵێت، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ترسی هەندێک کەس کە پێشتر لە کاتی دابەزینی نرخ بۆ 4,000 دۆلار نەیانتوانیبوو زێڕ بکڕن، هەروەها گەڕانەوەی وەبەرهێنەران بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام لە کاتی قەیرانەکاندا. ئەو پێشبینی دەکات لە داهاتوودا نرخی زێڕ بگاتە 5,000 دۆلار.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە راپۆرتی نرخی بەکاربەر (هەڵئاوسان) لە ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە و رۆژی پێنجشەممەش داتاکانی پەیوەست بە نرخی بەرهەمهێنەران رابگەیێندرێن. ئەم دوو راپۆرتە بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسەتی دارایی ئەمریکا دەدەن.


