رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامە؛ 24 کاژێری رابردوو نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 4350 دۆلار، کە بەرزترین نرخی کانزا زەردەکە بوو لە دوو مانگی رابردوودا.
رۆژی 8ی ئابی 2026 نرخی زێڕ و داهاتووەکەی تەوەری سەرەکیی شرۆڤەی د. محەممەد ئەمین (د. ترەیدەر)، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان و محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو بوو، سیناریۆکانی داهاتووی کانزا زەردەکەیان خستەڕوو.
د. محەممەد ئەمین (د. ترەیدەر)، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان رایگەیاند، گوشار لەسەر دۆلاری ئەمریکی دروستبووە، بۆیە دابەزینی دۆلاری ئەمریکی ئێستا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەبێت، بەڵام بابەتە جیۆپۆلەتیکییەکان کاریگەرترین هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
رۆژی هەینی 7ی ئابی 2026، دوای ئەوەی دەرکەوت لە مانگی تەممووزدا هەزاران هەلی کار لە ئەمریکا لەدەستچوون، بەهای دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
ئەم هەواڵە وایکرد ئەگەری ئەوە کەم ببێتەوە کە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا رێژەی سوود بەرز بکاتەوە، کە بەرزکردنەوەی سوود دەتوانێت گەشەی ئابووریی ئەمریکا خاو بکاتەوە.
پێشبینی دەکرا لە مانگی تەممووزدا 80 بۆ 100 هەزار هەلی کاری نوێ لە ئەمریکا دروست ببن، بەڵام راپۆرتەکان شۆکهێنەر بوون و نیشانیان دا کە نەک هەر کاری نوێ دروست نەبووە، بەڵکو 23 هەزار هەلی کار لەدەستچوون. ئەمەش نیگەرانیی زۆری لەسەر داهاتووی ئابووریی ئەمریکا دروستکرد.
دوای 13 ساڵ کۆریای باشوور بڕیاری داوە رێگە بە هەناردەی زێڕ نەدات و بانکە ناوەندییەکانی وڵات بیکڕنەوە. د. ترەیدەر گوتی، "دەتوانین وەکو بەرچاو روونییەک بۆ بڕیارەکانی داهاتوویان لێی بڕوانین."
باسی لەوەش کرد، بەشێک لە بانکە ناوەندییەکان دەیانەوێت دراوە کاخەزییەکانیان بۆ کانزاکان بگۆڕنەوە، لەنێویاندا گۆڕینەوەی دراو بە زێڕ.
بە گوتەی د. ترەیدەر لەدوای ساڵی 2005ـەوە زێڕ بووەتە گەورەترین کاڵای هەناردەی ئەمریکا، بە جۆرێک تەنیا لە چارەگی یەکەمی 2026 وڵاتەکە بە بەهای 45 ملیار دۆلار زێڕی فرۆشتووە و هەناردەی کردووە، لە بەرامبەردا تەنیا بە بەهای 30 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
لەبارەی هەناردەکردنی زێڕ لەلایەن ئەمریکاوە، د. ترەیدەر گوتی، "جێگەی سەرنجە، چونکە ئەگەر زێڕ ئەو گەشە زۆرە دەکات، بۆچی ئەمریکا ئەو هەموو زێڕەی فرۆشتووە؟"


