رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەنی ژاپۆنی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی رووی لە دابەزین کردووە، ئێستا هەر دۆلارێک بەرامبەر نزیکەی 158 یەنی ژاپۆنی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دابەزینی ئەمجارەی یەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی کەم وێنەیە بە جۆرێک گەیشتووەتە نزمترین ئاستی 40 ساڵی رابردوو.
رۆژی 06ـی ئابی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر ناسراوە) لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو شرۆڤەی دۆخی یەنی ژاپۆنی و سیناریۆکانی داهاتوویان کرد.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر ناسراوە لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی یەن رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە رابردوو لە ژاپۆن نزیکی سفر بووە، وەبەرهێنەران قەرزییان بە یەن وەردەگرت و دەچوون لە ئەمریکا وەبەرهێنانیان دەرکرد، چونکە سوودی بانکی لە ئەمریکا بەراورد بە ژاپۆن بەرز بووە و قازانجیان دەکرد.
ئێستا ژاپۆن پێچەوانەی رابردوو دەیەوێت سوودی بانکی بەرز بکاتەوە، بە گوتەی د.ترەیدەر دەستکاریکردنی سوودی بانکی گواستنەوەیەکی نوێی پارەی دروستکردووە و پارەکان بۆ ژاپۆن دەگەڕێنەوە.
د.ترەیدەر باسی لەوەشکرد، ژاپۆن گەورەترین هەڵگری قەواڵە دارییەکانی ئەمریکایە، بەڵام ئێستا دەستیکردووە بە فرۆشتنی قەواڵەکان کە دەکرێت گوشار لەسەر ئەمریکاش دروست بکات.
رونیشکردەوە، فرۆشتنی قەواڵە داراییەکان کاریگەرییان لەسەر دابەزینی زیاتری یەن هەیە، بەڵام ئامانجی ژاپۆن رێگریکردنە لە دابەزینی زیاتری دراوی نیشتمانی.
تیمی شارەزایانی بانک ئۆف ئەمریکا لە یاداشتێکدا رایانگەیاند، ئێستا چاوەڕوان دەکەن تاوەکو کۆتایی ساڵ بەهای دۆلار بەرامبەر یەن (USD/JPY) بۆ ئاستی 149 یەن دابەزێت، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینییان دەکرد 152 یەن بێت. ئەم گۆڕانکارییە بەو مانایەیە کە یەنی ژاپۆنی بە ڕێژەی 6% بەهاکەی بەرامبەر دۆلار بەهێز دەبێت.
نرخی کاڵای ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە
بە گوێرەی ئامارەکانی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق، ئاستی هەناردەیان بۆ عێراق دەکاتە نزیکەی 1 ملیار دۆلاری ساڵانە کە پێکهاتوون لە ئۆتۆمبێل، پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل، ئامێری میکانیکی، بۆریی نەوت و پەمپ.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر ناسراوە پێشبینی کرد، دابەزینی نرخی یەن بەرامبەر دۆلار کاریگەری لەسەر نرخی ئەو کاڵایانە دەبێت کە ژاپۆن هەناردەی عێراقی دەکات.
لەبارەەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان، د.ترەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بەرزبووتەوە بۆیە چاوەڕێی بەرز بوونەوەی نرخی کاڵاکان دەبێت.
یەن و دۆلار لە مێژوودا
دوای ڕێککەوتنامەی پڵازا (Plaza Accord) لە ساڵی 1985، دۆلاری ئەمریکی دەستی بە دابەزینێکی خێرا کرد بەرامبەر یەنی ژاپۆنی، تاوەکو لە ساڵی 1995دا گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی کە نزیکەی 79.75 یەن بوو.
لە کاتی قەیرانی دارایی ئاسیادا لە ساڵی 1998، بەهای دۆلار بەرامبەر یەن بۆ نزیکەی 147 یەن بەرزبووەوە، بەڵام دوای دەستێوەردانێکی هەماهەنگیکراو، نرخەکەی بە خێرایی دابەزی. دواتر لە کاتی قەیرانی دارایی جیهانیی ساڵی 2008دا، جارێکی دیکە یەن بەهێز بووەوە، چونکە وەبەرهێنەران وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ سەرمایەکانیان تەماشایان دەکرد، ئەوەش وایکرد بەهای دۆلار بۆ خوار 90 یەن دابەزێت. هەروەها بوومەلەرزە و سۆنامییەکەی ساڵی 2011، بەهای دۆلاری گەیاندە نزمترین ئاستی پێوانەیی کە 75.5 یەن بوو.
خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە ساڵی 2012دا ڕوویدا، کاتێک ژاپۆن سیاسەتی ئابووریی ناسراو بە "ئابینۆمیکس"ی (Abenomics) پەیڕەو کرد، کە بووە هۆی لاوازکردنی یەن و بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لە 80 یەنەوە بۆ 125 یەن لە ساڵی 2015دا.

