هەرزانی خەیاری خۆماڵی، جووتیارانی باڵەکایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر نیگەران کردووە کە رۆژانە نزیکەی 40 تۆن خەیار بەرهەم دەهێنن و بۆیان ساخ نابێتەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڵێن بە جووتیاران دەدات، لەگەڵیان کۆبێتەوە و کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان بکات. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (تیم مارت)یش دەڵێت: "ئەمڕۆ رێکارەکان بۆ کڕینی بەرهەمی خۆماڵی دەستپێدەکەین."
رۆژانە نزیکەی 40 تۆن خەیار لە سنووری باڵەکایەتی بەرهەم دەهێندرێت کە 10 تۆنی بۆ بازاڕی سۆرانە و 30 تۆنیشی بۆ بازاڕەکانی پارێزگای هەولێر دەنێردرێت.
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی سۆران، ئەمساڵ 2750 دۆنم زەوی ناوچەکە بە خەیار و 8 هەزار دۆنم بە تەماتە چێندراوە.
جووتیارانی سنوورەکە بەرهەمێکی زۆری خەیاریان هەیە، بەڵام نیگەرانن لە کەمی نرخەکەی کە کیلۆی تەنیا بە 200 دینار دەفرۆشن.


