رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوا دەکات پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پشکی ئێستا تەنیا 25%ـی پێداویستییەکانی هاونیشتمانیان دابین دەکات.
رۆژی دووشەممە 27-07-2026 فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە و تێیدا هۆشداری داوە لە "خراپیی دۆخی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان" بەهۆی کەمیی بەنزین و دروستبوونی سەرەی درێژ لەبەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، قەیرانی سووتەمەنی بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی و گواستنەوەی رۆژانە، ئەوە جگە لەوەی نرخی بەنزینی هاوردەکراو بە شێوەیەکی بێوێنە بەرزبووەتەوە و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر شانی خەڵک دروستکردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پشکەی ئێستا لە بودجەی گشتیدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە بڕەکەی 50,000 بەرمیلە لە رۆژێکدا، بە هیچ شێوەیەک بەشی پێداویستییەکان ناکات و تەنیا نزیکەی 25%ـی خواستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە.
لە کۆتایی نووسراوەکەدا، فەرهاد ئەترووشی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رەزامەندی بدات لەسەر زیادکردنی پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ رابسپێرێت تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە و چارەسەرکردنی قەیرانەکە بکەن.
هەر ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە 27-07-2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی لە بەغدا کرد و لەلایەن باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت و بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەوە پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە دیدارەکەدا، بە وردی باس لە قەیرانی سووتەمەنی کرا، بەتایبەتی کێشەی کەمیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق. هەردوولا جەختیان لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە کردەوە، تاوەکو بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
