رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی ئاشکرا کرد. بەپێی بودجەکە، ئامانجی هەڵاوسان بۆ 21% و گەشەی ئابووری بۆ 4.2% دانراوە، لەکاتێکدا پشکی شێر بۆ کەرتی پەروەردە و بەرگری تەرخان کراوە.
ئەمرۆ هەینی، 16-10-2026 جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە، ئامار و ئامانجە سەرەکییەکانی بودجەی ساڵی 2027ی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژەیاساکە بە واژۆی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، رەوانەی پەرلەمانی تورکیا دەکرێ.
یڵماز رایگەیاند: "بودجەی 2027، بودجەی خۆڕاگری، خۆشگوزەرانی و گۆڕانکاری دەبێت و ئامانج لێی پاراستنی سەقامگیریی ئابووری، رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان، بەهێزکردنی وەبەرهێنان، دامەزراندن، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنە."
ژمارە سەرەکییەکانی بودجەی 2027
• کۆی خەرجییەکان: 27 تریلیۆن و 276 ملیار لیرە. (نزیکەی 556.7 ملیار دۆلار)
• کۆی داهاتەکان: 23 تریلیۆن و 408 ملیار لیرە. (نزیکەی 447.7 ملیار دۆلار)
• کورتهێنانی بودجە: پێشبینی دەکرێ 3.5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بێت.
ئامانجە ئابوورییەکان بۆ ساڵی 2027
• هەڵاوسان: پێشبینی دەکرێ لە کۆتایی ساڵی 2027 بگاتە 21%.
• گەشەی ئابووری: ئامانج ئەوەیە بگاتە 4.2%.
• بێکاری: پێشبینی دەکرێت بۆ 8% دابەزێت.
پشکی شێر بۆ پەروەردە و بەرگری
بەپێی بودجە نوێیەکە، گەورەترین پشک بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان کراوە کە سێ تریلیۆن و 747 ملیار لیرەیە، کە نزیکەی 76 ملیار دۆلار دەکات و 13.7%ی کۆی بودجە پێکدەهێنی.
لەلایەکی دیکەوە 2 تریلیۆن و 206 ملیار لیرە، واتە نزیکە 45 ملیار دۆلار بۆ بەرگری و 1 تریلیۆن و 248 ملیار لیرە بۆ ئاسایشی ناوخۆ تەرخان کراوە کە دەکاتە نزیکەی 25.4 ملیار دۆلار.
هەروەها لە بودجەی ساڵی 2027 دا تورکیا 769 ملیار لیرە بۆ زیانەکانی بوومەلەرزە و بەهێزکردنی شارەکان تەرخان کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 15.6 ملیار دۆلار.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هاووڵاتییان لەرێگەی کەمکردنەوەی باج لەسەر کرێی و دابینکردنی وزە بە نرخی هەرزانتر، کە بۆ ئەم مەبەستە 605 ملیار لیرە (نزیکەی 12.3 ملیار دۆلار)ی بۆ پشتیوانیی وزە (کارەبا و غاز) تەرخان کراوە.



