رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی دانەوێڵە، پاقلەمەنی و رۆن لە 9 مانگی رابردوودا لە پارێزگاکانی باکووری کوردستانەوە بە رێژەی 5.6% زیادیکردووە و بایی 2 ملیار و 753 ملیۆن دۆلار بووە. وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا گەورەترین کڕیاری بەرهەمەکانن.
بەپێی داتای یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (باکووری کوردستان)، لە 9 مانگی رابردوودا، 3 ملیۆن و 295 هەزار تۆن دانەوێڵە و پاقلەمەنی و بەرهەمی دیکە هەناردە کراوە.
ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ناوچەکە لە رووی بڕەوە 3.7% و لە رووی نرخەوە 5.6% گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەمەش پارێزگاکانی باکووری کوردستان 30.9%ی کۆی هەناردەی تورکیایان لەم بوارەدا پێکهێناوە.
رۆنی گوڵەبەڕۆژە و ماکەرۆنی لە پێشەوەن
لە ماوەی 9 مانگدا، زۆرترین بەرهەمە هەناردەکراوەکان بریتی بوون لە:
• ماکەرۆنی: 931 هەزار تۆن
• ئاردی گەنم: 568 هەزار تۆن
• رۆنی گوڵەبەڕۆژە: 338 هەزار تۆن
لە رووی داهاتەوە، رۆنی گوڵەبەڕۆژە زۆرترین داهاتی هەبووە بە 563 ملیۆن دۆلار، کە بە رێژەی 26.1% زیادیکردووە. دوای ئەویش ماکەرۆنی دێت بە 502 ملیۆن دۆلار، کە 13.1% گەشەی کردووە.
گەورەترین بازاڕی هەناردەی باکووری کوردستان بریتی بووە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون کە برخی کاڵا هەناردەکراوەکان بۆیان گەیشتووەتە 1 ملیار و 160 ملیۆن دۆلار. دوای ئەوانیش وڵاتانی ئەفریقا دێن بە 984 ملیۆن دۆلار.
"پێویستە گرنگی بە جۆری داواکارییەکان بدەین"
جەلال کادیئۆغڵو، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی دانەوێڵە و پاقلەمەنیی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند کە بەهۆی شەڕە ناوچەییەکان و دۆخی ئابووری، داواکاریی وڵاتان گۆڕاوە.
کادئۆغڵو گوتی: "بۆ نموونە، لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا بەهۆی کەمیی دراوی بیانی، داواکاری لەسەر خۆراکی بنەڕەتی وەک ئارد و رۆنی رووەکی زیادیکردووە، بەڵام کڕینی بەرهەمی ئامادەکراو و پاکەتکراو کەمبووەتەوە. بۆیە پێویستە ستراتیژی هەناردەمان تەنیا لەسەر بنەمای قەبارە نەبێت، بەڵکو گرنگی بە جۆری داواکاریی بازاڕەکانیش بدەین."
بەپێی ئاماری فەرمی، تێکرای هەناردەی دانەوێڵەی تورکیا لە 9 مانگی رابردوودا 8 ملیار و 880 ملیۆن و 522 هەزار دۆلار بووە.



