رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندی بڕیاریدا کە هەر گەشتیارێک لە ماوەی دوو مانگدا تەنیا یەک جار بتوانێت سوودمەند بێت لە دۆلار بە نرخی فەرمی، کە پێشتر مانگی جارێک بوو. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەو رێکارە بەهۆی کەمیی دۆلارەوەیە و کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕ نابێت.
ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندیی عێراق، لە رۆژی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمەوە جێبەجێ دەکرێت. بەگوێرەی راگەیێنراوێکی بانکەکە، هەر گەشتیارێک ساڵانە شەش جار دەتوانێت سوودمەند بێت لە دۆلاری بانکی ناوەندی.
رۆژی هەینی، 16ی تشرینی یەکەمی 2026 جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم رێکارەی بانکی ناوەندی بەهۆی کەمیی دۆلاری کاشە لەو بانکەدا."
بۆ هەر گەشتیارێک بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی لە رێگەی بانکەکانەوە دەدرێت، کە 152 هەزار دینارە بۆ 100 دۆلار.
جەمال کۆچەر رایگەیاند، کاریگەریی دۆلاری گەشتیاران لەسەر بازاڕ زۆر نابێت، بەوپێیەی بڕەکەی کەمە و ئەو دۆلارەشی گەشتیاران وەریدەگرن دەبێت لە دەرەوە و لە کاتی گەشتەکەیاندا خەرجی بکەن، ئێستاش زۆربەی گەشتیاران بە کارتی بانکیی خۆیان لە دەرەوە دۆلار خەرج دەکەن.
پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدابوو کە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە مانگی جارێکەوە بکرێتە شەش مانگ جارێک و لە 21ی ئەیلوولەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی هەندێک لە کۆمپانیاکان و بانکە ئەهلییەکان ئەو رێکارە جێبەجێ نەکرا.
لەبارەی بڕیارى رێپێدان بە گەشتیاران بۆ ئەوەی دوو مانگ جارێک لە دۆلاری بانکی ناوەند سوودمەند بن، بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رێکخستنی پڕۆسەی دەستەبەرکردنی دراوی بیانی و گەرەنتیی گەیشتنییەتی بەو کەسانەی کە شایستەن، بەگوێرەی ئەو رێکارانەی پێشتر راگەیێندراون."
لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە عێراق کرا بە 150 هەزار دینار لەبری 130 هەزار دینار کە لە 2023ـەوە کاری پێدەکرا.




