رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گازیان لە کێڵکەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە و وەزارەتی کارەباش کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی کارەبای راگەیاند.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-7-2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لەبەر بوونی هەڕەشەی باوەڕپێکراو لەسەر ئاسایش و تووندبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کۆرۆمۆر بەشێوەیەکی کاتی داخران".
کۆمپانیای دانە گاز بەرهەمهێنەری سەرەکیی گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، راگرتنی کارەکانی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی.
وەزارەتی کارەباش دوای راگەیێندراوەکەی دانە گاز رایگەیاند، "بەهۆکاری گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی 2500 مێگاوات کەمی کرد".
وەزارەتی کارەبا هاوبەشانی ئاگادار دەکاتەوە، "ئەم دۆخە کاتییە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا".
دانە گاز ئاماژەی بەوە داوە: "چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامە بە هاوکاری دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی. هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراق {چاودێری دۆخەکە دەکرێ}".
راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو بە هەشت درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانی گیانی نەبووە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. یەدەگی سەلمێندراوی تائێستا بە 16 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.



