رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەران و خانەنشینانی میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری خانەقین، داوا دەکەن ئەوانیش بەزوویی لە دابەشکردنی زەوی سوودمەند ببن. بەرپرسانی شارەوانییەکانی گەرمیان و خانەقینیش رایدەگەیێنن، بۆ دیاریکردنی شوێنی زەویی ئەو فەرمانبەرانە چاوەڕێی رێنمایی کۆتایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکەن.
سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانیی خانەقین بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە کە فەرمانبەرانی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 لە کوێ زەوییان پێ بدرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی باڵا، بڕیار وایە دابەشکردنی زەویی ناوچەکانی ماددەی 140 و سنووری ئیداریی گەرمیان هەمووی پێکەوە بێت و چاوەڕێی فەرمانی وەزارەت دەکەین بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە."
سەرۆکی شارەوانیی خانەقین ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە خانەقین میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، لەگەڵ تەواوی فەرمانگەکانی سنوورەکە و هێزە ئەمنییەکان، نزیکەی 6 هەزار و 700 فەرمانبەر دەبن.
سەبارەت بە شوێنی زەوییەکان، سۆران عەلی گوتی، هێشتا بڕیاری کۆتایی نییە بەڵام دەشێت بکەوێتە سنووری کەلار و رایگەیاند، لە ناوچەی "سەید خەلیل" لە سنووری شارەوانیی کەلار، 7 هەزار و 600 دۆنم زەوی تەرخان کراوە کە نزیکەی 22 هەزار پارچە زەوی لێ دابین دەکرێت.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی خانەقین، ئەم 22 هەزار پارچە زەوییە بەشی تەواوی 19 هەزار فەرمانبەرەکەی سنووری شارەوانیی کەلار و 6 هەزار و 700 فەرمانبەرەکەی خانەقین دەکات و هەروەها قەرەبووی جووتیارانیشی تێدا دابین کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەکی فەرمییان بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 پێ نەگەیشتووە و چاوەڕێی وەزارەتی شارەوانین.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان گوتیشی: "کاتێک رێنماییەکانمان بەدەست دەگات، دەزانین ئایا پڕۆسەکە لەسەر بنەمای نزیکترین شارەوانی دەبێت یان دابەشکردنەکە چۆن دەبێت، هەر بڕیارێکیش بدرێت ئێمە جێبەجێی دەکەین."


