رووداو دیجیتاڵ هاونیشتمانییەکی کرێچی لە سنووری پیرزینی شاری هەولێر، بەهۆی هاتنەوەی پسوولەیەکی کارەبا بە بڕی زیاتر لە ملیۆنێک دینار تووشی شۆک بووە و لەژێر هەڕەشەی بڕینی کارەبادایە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێریش رێکاری یاسایی بۆ پشکنینی پێوەرەکەی و چاککردنی هەڵەکە بۆ هاونیشتمانییەکە دەخاتەڕوو. دانیال زانا، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پیرزینە و وەک پاسەوان کار دەکات، بۆ رووداو باسی لە بارگرانیی دارایی خۆی کرد و گوتی: "من وەک پاسەوان مانگانە تەنیا 600 هەزار دینار مووچەکەمە، منداڵێکی ساوا و کرێی خانووم لەسەرە. لە ماڵەکەماندا کە خانوویەکی 100 مەترییە و بە کرێ تێیدا دەژین، هیچ ئامێرێکی کارەبایی قورس بەکارناهێنین، تەنیا فێنککەرەوە و چەند گڵۆپمان هەیە، کەچی پسوولەی کارەبای ملیۆنیمان بۆ هاتووەتەوە." بەپێی ئەو پسوولانەی دانیال بۆ رووداوی ناردوون، لە ماوەی نێوان کۆتایی مانگی کانوونی دووەم تاوەکو سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026، بڕی قەرزەکەی بەمشێوەیە کەڵەکە بووە: لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بڕی 289 هەزار و 500 دینار بووە و دانیال دەڵێت هەمووی داوەتە کارمەندی خوێنەرەوەی پێوەرەکە (عەداد). لە کۆتایی نیساندا بڕی قەرزەکەی بۆ 737 هەزار و 250 دینار بەرزبووەتەوە. لە سەرەتای حوزەیراندا کۆی قەرزەکەی گەیشتووەتە ملیۆنێک و 116 هەزار و 750 دینار. دانیال دەڵێت: "کاتێک چوومەتە فەرمانگەی کارەبای بەحرکە بۆ سکاڵا، پێیان گوتم تاوەکو تەواوی ئەو ملیۆن و 116 هەزار دینارە نەدەیت، ناتوانیت مامەڵە بکەیت و لەماوەی 50 رۆژدا کارەبات لێ دەبڕین." بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە، رووداو پەیوەندی بە بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێرەوە کرد. ئەو بەرپرسە رایگەیاند: "ناوچەی پیرزین دەکەوێتە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر 1. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم هاووڵاتییە، پێویستە سەردانی بەشی فرۆشتنی وزەی یەک بکات لە گەڕەکی نەورۆزی شاری هەولێر." سەبارەت بە رێکارەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە، ئەو بەرپرسەی کارەبا گوتی: "ئەو هاووڵاتییە لەوێ داواکارییەک پێشکەش دەکات و فەرمانگەی کارەبا لێژنەیەکی پشکنین دەنێرێتە ماڵەکەی. ئەو فەرمانبەرەی دەچێتە ماڵەکە، ئامێرێکی تایبەتی پشکنینی پێوەری (CIU) پێیە و خوێندنەوەی ناو پێوەرەکە تۆمار دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو داتایەی لەسەر پسوولەکە نووسراوە." ئەو بەرپرسە روونیشی کردەوە، ئەگەر دەرکەوت جیاوازی هەیە، یەکسەر رێکاری ئیداری دەگیرێتەبەر و هەڵەکە بۆ هاووڵاتییەکە راست دەکرێتەوە و بڕی پارەکە کەم دەکرێتەوە. دڵنیاییشی دایە هاونیشتمانییان کە تەنانەت ئەگەر کەسێک پارەی پسوولەکەشی دابێت و دواتر دەرکەوێت هەڵە بووە، پارەکەی نافەوتێت، بەڵکو دەبێتە "باڵانس" لەسەر ژمارەی پێوەرەکەی و بۆ مانگەکانی داهاتوو بۆی دەمێنێتەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026سایلۆکانی دهۆک: بەغدا وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی تاوەکو ئێوارەی هەینی درێژکردەوە
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-202622 هەزار پارچە زەوی لە کەلار دابەش دەکرێت، فەرمانبەرانی خانەقین لە کوێ زەوی وەردەگرن؟
هەواڵە ناوخۆییەکان16-07-2026پۆلیسی دارستانی سلێمانی: ئەمساڵ 30 ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و شەش کەسیش دەستگیرکراون