رووداو دیجیتاڵ
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4014 دۆلارە و رۆژانەش هەڵبەز و دابەزی کەم دەکات، پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، بەهۆی دۆخی جیهانەوە نرخی زێڕ گران نییە، بەڵام باشترین کات نییە بۆ کڕین.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەممووزی 2026 نرخی زێڕ بەرزبووەوە دوای ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا نزمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی تۆمار کردبوو.
نرخی زێڕ 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 4014 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای نزمترین ئاستی خۆی لەم مانگەدا، توانیی خۆی راستبکاتەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوودا 0.4% بەرزبووەوە و بۆ 4020 دۆلار.
رۆژی 14ی تەممووزی 2026 د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە د. ترەیدەر ناسراوە، لە کاتی بەشداری لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بەپێی ئەو بارودۆخە جیهانیانەی هەن زێڕ گران نییە، بەڵام باشترین نرخ نییە بۆ وەبەرهێنان و کڕین.
بە بڕوای ئەو شارەزایە، "نزیکەی چوار هەزار دۆلار نرخێکی گونجاوە بۆ کڕین، ئەگەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی بەردەوام نەکەیت و چاوەڕوان بکەیت."
ئەو پسپۆڕەی بازاڕە داراییەکان پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی زێڕی کرد، بە جۆرێک کە یەکێک لە ئەگەرەکانی بەردەمی دابەزین بۆ خوار 3 هەزار و 945 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
زێڕ لە 30 رۆژی رابردوودا، 7.64% نرخەکەی لەدەستداوە، لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ د. ترەیدەر گوتی، "بازرگانان خەریکن وەربەرهێنان لە دۆلاردا دەکەن، بە جۆرێک هەشت ملیار دۆلار لە زێڕ هاتووەتە دەرەوە و بووەتە کاش."
وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری داتاکانی پێنوێنی نرخەکانی بەکاربەر (CPI)ی مانگی حوزەیرانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو ئاماژەی نوێیان دەستبکەوێت لەبارەی هەڵاوسان و ئاراستەی سیاسەتی بانکی ناوەندی. هەروەها داتاکانی پێنوێنی نرخی بەرهەمهێنەر (PPI) و یەکەم ئامادەبوونی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی لەبەردەم کۆنگرێس لەم هەفتەیەدا جێگەی سەرنجی بازرگانانن.
بە گوتەی د. ترەیدەر ئێستا بازاڕی زێڕ بۆ گۆڕانکاری لە نرخدا چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی داتاکانە، بۆیە دەبێت بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بکەن.
نرخی زێڕ کە ئێستا بە 4,014 مامەڵەی پێوە دەکرێت هێشتا چاوەڕوانی نزمبوونەوەی زیاتری لێ دەکرێت، د. ترەیدەر گوتی، "ئێستا نرخەکە نزیکترە لە سێ هەزار و 850 دۆلار نەوەکو نرخێکی بەرزتر."


