رووداو دیجیتاڵ پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، کڕینی زێڕ یان هەر کاڵا و سەرمایەیەکی دیکە پەیوەندیی بە دۆخی دارایی و ئامانجی کەسەکانەوە هەیە. لەبارەی تمەنیشەوە دەڵێت، دوور نییە دۆلارێک بگاتە زیاتر لە 200 هەزار تمەن. زێڕ کانزایەکە لەسەر ئاستی جیهاندا متمانەپێکراوە، وەکو سەرمایە و زۆربەی بانکە ناوەندییەکان و خەڵكیش بۆ مەبەستی جیاواز دەیکڕن. د. ترەیدەر وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی شێواز و مامەڵەکانی کڕینی زێڕ دەداتەوە. ئایا لە بنەڕەتدا "زێڕ بکڕم یان نا" پرسیارێکی دروستە؟ د. ترەیدەر دەڵێت لە بنەڕەتدا ئەم پرسیارە پرسیارێکی ناتەواوە؛ راستە نرخ بۆ هەمووان یەکسانە، بەڵام مەترسی بۆ هەمووان یەکسان نییە و بۆ کەسەکان جیاوازە. ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئەو کەسانەی دەیانەوێت زێڕ یان هەر کاڵایەکی دیکە بکڕن، دەبێت چەند پرسیارێک لەخۆیان بکەن؛ دیارترینیان ئەوانەن: - کەی پێویستت بەو پارەیە دەبێت کە زێڕەکەی پێ دەکڕی؟ - ئەم پارەیە قەرزە یان پارەی دانراوی خۆتە؟ - ئەم پارەیە چەند لە سەدی پارەکەتە؟ - داهاتێکی جێگیرت هەیە جگە لەو پارەیەی زێڕی پێ دەکڕی؟ - بۆ شەش مانگی داهاتوو چ پابەندییەکت هەیە؟ - ئەگەر 20٪ یان 30٪ لە نرخی زێڕەکەت دابەزی، چ کاریگەرییەکی لەسەرت دەبێت؟ - بۆ چ ئامانجێک دەیکڕی؟ بەگشتی سێ ئامانجی هەیە: مامەڵەی کاتی، وەبەرهێنان و پاشەکەوت - پارەکانی دیکەت لەکوێ و لەنێو چ بوارێکن؟ - بە چ شێوەیەک زێڕ دەکڕی؛ قاڵبە یان جوانکاری؟ سێ هۆکاری جیاواز بۆ کڕینی زێڕ ئەو پسپۆڕە لەبارەی هۆکاری کڕینی زێڕ نموونە بە دوو کەس دەهێنێتەوە زێڕ دەکڕن و بۆ یەکێکیان گونجاو نییە؛ نموونەی یەکەم کەسێکە شەش مانگی دیکە دەبێت نەشتەرگەری بکات بۆ کەسێکی نزیکی. د. ترەیدەر دەڵێت، نابێت ئەو کەسە بەو پارەیە زێڕ بکڕێت، چونکە رەنگە نرخی زێڕ دابەزێت و تاوەکو شەش مانگی دیکە بگاتە رادەیەک ئەو کەسە پارەی نەشتەرگەرییەکەی پێ نەمێنێت. د. ترەیدەر دەڵێت، کڕینی زێر بەو شێوازەیە هەڵەیە، بەڵام بۆ کەسێکی دیکە کە بۆ پاشەکەوت زێڕ دەکڕێت، ئاساییە. پسپۆڕەکە گوتیشی، هیچ کەسێک ناتوانێت بزانێت لە شەش مانگی داهاتوو نرخی زێڕ چی لێدێت. د. محەممەد ئەمین باس لەوەشدەکات، کاتێک گوێ لە کەسێک دەگرین شیکاری بۆ زێڕ یان هەر کاڵایەک دەکات، گرنگ نییە بڵێت بەرزدەبێتەوە یان دادەبەزێت، بەڵکو ئەو بەڵگانەن کە بۆ قسەکانی دەیهێنێتەوە. د. ترەیدەر دەڵێت، ئابووریناسی سەرکەوتوو ئەوەیە خۆی بۆ هەردوو ئەگەر ئامادە دەکات. ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، جووڵەی هەر رۆژێکی نرخی زێڕ پەیوەستە بە رووداوەکانی ئەو رۆژەوە؛ ئەگەر بڕیار بێت کەسێک بزانێت سبەی چی روودەدات و زێڕ بە چ ئاراستەیەک دەڕوات، ئەوا هەمووان دەکرێت بیزانن و ئەوکاتە بەپێی ئاراستەکە دەجووڵێنەوە، ئەوکاتە ئەو جووڵەیەی بڕیارە سبەی رووبدات، دەکەوێتە ئەمڕۆ. بۆیە مەبەستەکە ئەوەیە کەس ناتوانێت بەدڵنیایی شتەکان و رووداوەکان بزانێت. ئەو پسپۆڕە رۆژی یەکشەممە 23-8-2026 لەکاتی بەشداریکردنی لە بڕگەی "لەگەڵ د. ترەیدەر ترەید بکە"ـی بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح ئەو قسانەی کردن. سێ هۆکاری جیاواز بۆ کڕینی زێڕ سێ ئامانج هەن بۆ کڕینی زێڕ کە مامەڵەی کاتی، وەبەرهێنان و پاشەکەوتن. پاشەکەوت دیارترین ئامانجی کڕینی زێرە؛ د. ترەیدەر دەڵێت، دەکرێت بۆ پاراستنی سەرمایەکەی، کەسێک زێڕ بکڕێت. ئەو نموونە بە کەسێک دەهێنێتەوە کە 1500 دۆلارە بە مۆبایلێک دەدات، کە رەنگە دوای ساڵێک نرخەکەی دابەزێت و بە فرۆشتنی ئەو مۆبایلە، کەسەکە نەتوانێت مۆدێلێکی نوێتری مۆبایلەکە بکڕێت، بەڵام ئەگەر پارەکەی کردبێتە زێڕ، دەکرێت نرخەکەی بەرزبێتەوە و ئەوکاتە بتوانێت بە پاراستنی سەرمایەکەی، ئەو ئامانجەی دایناوە بەدیبێنێت. لەبارەی کڕینی زێڕ وەک وەبەرهێنانیش د. محەممەد دەڵێت، لەو بابەتە زێڕ کێشەیەکی هەیە. د. ترەیدەر نموونە بە وارێن بافێت، سەرمایەدار و ملیاردێری ئەمریکی دەهێنێتەوە کە قسەیەکی هەیە دەڵێت، زێر ناکڕێت، چونکە ئەگەر ئۆنسەیەک زێڕ بکڕیت، ساڵی داهاتووش هەر بە یەک ئۆنسە دەمێنێتەوە و زیاد ناکات. ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئەو خاڵە بەو واتایە دێت کە زێڕ دەوڵەمەندت ناکات، بەڵام ناهێڵێت هەژار بیت. "تمەن بەکارمەهێنن" نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن ئەمڕۆ یەکشەممە، چوار هەزار و 400 تمەن یان بەڕێژەی 2.31% بەرزبووەوە و گەیشتە 194 هەزار و 500 تمەن. د. ترەیدەر لەبارەی تمەنەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئاگادار بن بەهیچ شێوەیەک تمەن وەکو پاشەکەوت بەکارمەهێنن، چونکە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران هەیە. د. محەممەد ئەمین پێیوایە، دەکرێت بەزوویی تمەن زیاتر دابەزێت و یەک دۆلار بگاتە 200 هەزار یان تەنانەت 220 هەزار تمەنی ئێرانی.