رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە چەند کاژێری رابردوودا نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردووی تۆمارکرد، جارێکی دیکە نرخەکەی بۆ خوار 4,500 دۆلار دابەزی؛ پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکانیش دەڵێت: "ئەگەر پارەی کاشتان هەیە، سەیری نرخ مەکەن و زێڕ بکڕن."
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026 نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینی و هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 4,490 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی دوێنێ نرخەکەی گەیشتە 4,523 دۆلار کە بەرزترین ئاست بوو لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی کڕینەوەی قەواڵە داراییەکان دەگەڕێتەوە."
د. ترەیدەر ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئاستی فرۆشتنی زێڕ لە بازاڕەکاندا زیادی کردووە، بەڵام نرخەکەی زۆر دانەبەزیوە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی فرۆشیارێکی زۆر هەبووە، بەڵام بەهۆی هەبوونی کڕیاری بەهێز لە بازاڕدا، نرخەکە بەرگریی کردووە."
ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی کرد و گوتی: "ئەگەر پارەی کاشتان لایە و ناتانەوێت دایبنێن، سەیری نرخ مەکەن و زێڕ بکڕن."
بەپێی شیکەرەوەکانی بانکی (ANZ)، پرۆگرامی کڕینەوەی قەواڵەکان لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەرپرسانی واشنتن دەیانەوێت تێچووی قەرزکردن دابەزێنن، ئەمەش کەشێکی گونجاو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ وەک "پەناگەیەکی ئارام" دروست دەکات، چونکە خواست لەسەر زێڕ زیاد دەکات کاتێک سوودی بانکی دادەبەزێت.
هاوکات لەگەڵ زێڕ، نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە. د. ترەیدەر روونیکردەوە کە لە دۆخی ئاساییدا هاوکێشەی نەوت و زێڕ پێچەوانەیە، بەڵام لەم دۆخە "نائاساییەدا" ئاساییە هەردووکیان پێکەوە بەرز ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دوایین کۆنووسی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا نیشانی دەدات کە هەڵاوسان هێشتا مەترسییە؛ بەرپرسانی بانکەکە ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەر هەڵاوسان بەرەو ئامانجی 2% دانەبەزێت، رەنگە ناچار بن جارێکی دیکە رێژەی سوود بەرز بکەنەوە.

