رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار دەفرۆشرێ.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 156 هەزار و 550 دینارە و بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو، بەهای دینار بەرزبووەتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەولێر بە دووری دەزانێت بەهای دینار بەرزببێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە ئەگەری دابەزاندنی بەهای دینار دەکەن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وایکردووە کە بازاڕەکان بە شڵەژاوی بمێننەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی 22ی ئەم مانگە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە پلانیان دا نییە دەستکاری بەهای دینار بکەن.
لە سلێمانی بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە دینار هاوشێوەی هەولێرە و جیاوازییەکە تەنیا 50 دینارە. (100 دۆلار بە 156 هەزار و 500 دینار).
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکەین لە ماوەکانی داهاتوودا بەهای 100 دۆلار دابەزێت بۆ خوار 150 هەزار دینار.
بە گوتەی جەبار گۆران، جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهای دینار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و 100 دۆلاری ئەمریکی بە 160 هەزار دیناری عێراقی لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوەدەکرا.


.jpg&w=3840&q=75)

