رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ پێگەیشتنی تەماتە لە پێنجوێن، جووتیاران سکاڵا لە بازرگانانی
عەرەب دەکەن کە بەرهەمەکانیان بە نرخێکی کەم لێدەکڕن و زیانیان پێدەگەیەنن. وەزیری
کشتوکاڵیش دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە سەردانی بەغدا دەکەن.
لە زەوییە بەپیتەکانی پێنجوێن، لە بەیانییەکی زووەوە دەست بە تەماتەچنین دەکرێت. داود عەلی، زیاتر لە 20 ساڵە لە پێنجوێن جووتیارە و دەڵێت، هەموو ساڵێک ماوەیەک تەماتەکەی پارە ناکات و بە زیان دەیفرۆشێت.
داود عەلی دەڵێت، "کڕیارە عەرەبەکان لە عەلوە لێمانناکڕن تاوەکو قەرەباڵخییەکی زۆر دروستدەبێت، دواتر دێن نرخێکی کەم دەدەن. جووتیاریش بە ناچاری بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی نەمێنێتەوە، بە نرخێکی کەم دەیفرۆشێت. هەفتەی پێشوو کیلۆیەک تەماتە 500 بۆ 800 دینار بوو، بەڵام دوێنێ باشترین تەماتە بە 300 دینار فرۆشرا."
رۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن تەماتە دەگاتە عەلوەی پێنجوێن و لەوێوە بۆ شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەنێردرێت.
رێبوار قادر، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "کڕیار تەماتەکەمان لێناکڕێت. من دەڵێم کیلۆی بە 500 دینار، کە تێچووەکەی لەسەر خۆم 500 دینارە، بەڵام ئەوان دەڵێن بە 350 دینار."
بەڵام بازرگانە عەرەبەکان بۆچوونێکی دیکەیان هەیە. حاجی ئیسماعیل سامەڕایی، بازرگانە و دەڵێت، "بە 500 دینار نایکڕم، بە 400 دەیکڕم. ئەگەر دەیفرۆشێت سەرچاوم، ئەگەرنا کەیفی خۆیەتی."
محەممەد مەحموود، خاوەن کۆگایە لە عەلوەی پێنجوێن و باس لەوە دەکات، "تەماتەی خۆمان کە خۆشم پێنجوێنیم، لە دیوانییە بە 450 دینار دەیفرۆشم، کەواتە کێشەکە ئەوە نییە کڕیارە عەرەبەکان نەیکڕن."
بەشێک لە جووتیاران هۆکارێکی دیکە بۆ دابەزینی نرخ دەستنیشان دەکەن. عومەر سەعید، جووتیارە و دەڵێت، "کۆمەڵێک بازرگانی بێویژدان لە سنوورەکانەوە تەماتە دەهێننە نێوخۆ، ئەمەش وادەکات کڕیارە عەرەبەکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دابنێن."
لەبارەی کێشەی جووتیارانەوە، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە
رووداوی گوت، "رۆژی یەکشەممە دەچینە بەغدا و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق
کۆدەبینەوە. پاڵپشتیی بەرهەمی نێوخۆ دەکەین و باس لە کێشەی جووتیارانی هەرێمی
کوردستان و پێنجوێن دەکەین."


