رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی خانەقین لە پارێزگای دیالە رووبەری چاندنی گەنمی بۆ وەرزی نوێ راگەیاند.
نەسر جبووری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین، رۆژی شەممە (12ـی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕی گەنمی بەرهەمهێندراوی وەرزی 2025-2026 بریتی بوو لە 7182 تۆن کە لە سایلۆی بەعقوبە وەرگیرا."
نەسر جبووری روونیکردەوە کە بۆ وەرزی نوێ بڕی 13 هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی گەنم تەرخانکراوە و پێشبینی دەکرێ نزیکەی 9 هەزار تۆن بەرهەم هەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی نوێ.
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئامانج لە پلانی کشتوکاڵی دیاریکردنی رووبەری ئەو زەوییەیە کە بۆ چاندنی گەنم تەرخان دەکرێ و بەگوێرەی ئەوەش بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیاران وەردەگیرێ، دیاری دەکرێ.
بەگوێرەی لێدوانێکی پێشووتری قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پلانی کشتوکاڵی ساڵی داهاتوو جیاواز دەبێت لە پلانی ساڵانی رابردوو، بەهۆی بەردەستبوونی بڕێکی زۆرتر لە ئاو لە ئەنجامی بارانبارینی زۆر و بەردانەوەی ئاوی رووبارەکان.



