رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دوایین راپۆرتی دەستەی ئامار و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکانی سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی 2025دا ژمارەی دامەزراوە و کارگە پیشەسازییە گەورەکان لە عێراق گەیشتووەتە 965 کارگە و بەهای کۆی بەرهەمەکانیان گەیشتووەتە 14.65 تریلیۆن دینار. بەپێی راپۆرتەکە، کەرتی تایبەت زیاتر لە 52%ـی بەرهەمی پیشەسازیی بەرهەمهێناوە، بەڵام کەرتی گشتی نزیکەی 67٪ـی دەستی کار و 78.5%ـی کۆی مووچەکانی لە دەستدایە.
راپۆرتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پیشەسازییەوە ئامادەکراوە و رووپێوییەکی گشتگیری بۆ کارگە گەورەکانی کەرتی دەرهێنان (جگە لە نەوت) و پیشەسازیی گۆڕین لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا ئەنجامداوە (بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان).
بەگوێرەی ئامارەکان لە ساڵی 2025دا 965 کارگەی گەورە لە عێراق کاریان کردووە، بەراورد بە 941 کارگە لە ساڵی 2024دا، گەشەی ساڵانەی بە رێژەی 2.6% تۆمارکردووە.
دابەشبوون بەپێی کەرتەکان:
- کەرتی تایبەت: 892 کارگە
- کەرتی گشتی: 67 کارگە
- کەرتی تێکەڵاو: 6 کارگە
دیاترین جۆری پیشەسازییەکان بەپێی ژمارەی کارگەکان:
- کەرەستەی بیناسازی و خشت:488 کارگە
- پیشەسازیی خۆراک: 297 کارگە
- پیشەسازییەکانی دیکە:180 کارگە
بەرهەمهێنان و فرۆش؛ کەرتی تایبەت لە پێشەوەیە
بەهای بەرهەمی کارگە پیشەسازییە گەورەکان لە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 5.1% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک کە کۆی بەهای بەرهەمهێنان، 14.65 تریلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا 13.94 تریلیۆن دینار بووە.
پشکی کەرتەکان لە بەرهەمهێناندا:
- کەرتی تایبەت: 7.63 تریلیۆن دینار.
- کەرتی گشتی: 7.01 تریلیۆن دینار.
- کەرتی تێکەڵاو: 0.01 تریلیۆن دینار.
گەورەترین پیشەسازییەکانی کەرتی تایبەت بەپێی بەهای بەرهەم:
- بەرهەمهێنانی شەکر و رۆن: 3.02 تریلیۆن دینار.
- ئالیکی ئاژەڵ: 1.22 تریلیۆن دینار.
- خواردنەوە سووکەکان و ئاوی لەدابەستراو: 0.72 تریلیۆن دینار.
- خشت و کەرەستەی قوڕینی بیناسازی: 0.70 تریلیۆن دینار.
- چیمەنتۆ و گەچ: 0.60 تریلیۆن دینار.
دەستی کار و مووچە؛ کەرتی گشتی 67%ـی کارمەندانی لایە
ئامارەکان جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ژمارەی کرێکاران و دابەشبوونی مووچە لە نێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا پێشاندەدەن؛ لە ساڵی 2025دا 154,977 کەس لە کارگە گەورەکان کاریان کردووە.
دابەشبوونی دەستی کار بەسەر کەرتەکاندا:
- کەرتی گشتی:104,865 کارمەند
- کەرتی تایبەت: 49,853 کارمەند
- کەرتی تێکەڵاو: 1,551 کارمەند
لە ساڵی 2025دا، 1.72 تریلیۆن دینار وەک مووچە و شایستە دراوە، کارمەندانی کەرتی گشتی 1.35 تریلیۆن دیناریان پێدراوە وەک مووچە، لەکاتێکدا کرێکارانی کەرتی تایبەت 0.36 تریلیۆن دیناریان وەرگرتووە.
تێکڕای مووچەی ساڵانەی یەک کارمەند لە هەردوو کەرتەکە گەیشتووەتە 11.1 ملیۆن دینار.
لە رووی بەهای بەرهەمهێنانەوە بابل بە 4.94 تریلیۆن دینار بە جیاوازییەکی زۆر لە پێشەنگی سەرجەم پارێزگاکاندایە بەهۆی پیشەسازیی گەورەی شەکر و ئالیک، کەمترینیش پارێزگای موسەننایە بە 0.52 تریلیۆن دینار.


