رووداو دیجیتاڵ
دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران، رۆژی دووشەممە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز گەیشتە بەرزترین ئاست لەوەتەی دەستپێکردنی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کەیپلەر کە تایبەتە بە چاودێریکردنی هاتووچۆی دەریایی، تەنیا لە رۆژی دووشەممەدا لانیکەم 36 کەشتیی بارهەڵگر بەنێو تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم جووڵەیە هێشتا تەنیا دەکاتە نزیکەی سێیەکی ئەو هاتووچۆیەی کە لە کاتی ئاشتیدا هەبوو، چونکە پێشتر رۆژانە نزیکەی 120 کەشتی بەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیجییەدا تێدەپەڕین، کە بەگشتی پێنجیەکی هەناردەی نەوت و گازی جیهان و کەرەستە خاوە سەرەکییەکانی دیکە پێکدەهێنێت.
پێش رێککەوتنەکەی 14ـی حوزەیران، رۆژانە کەمتر لە 10 کەشتیی بارهەڵگر بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین، چونکە لە 1ـی ئادارەوە ئێران لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، رێڕەوەکەی داخستبوو. بەڵام لە 15ـی حوزەیرانەوە، تێکڕای ژمارەی کەشتییەکان بەرزبووەتەوە بۆ 21 کەشتی و تەنانەت لە 5 رۆژی رابردووشدا گەیشتووەتە 27 کەشتی لە رۆژێکدا.
رۆژی سێشەممە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەممەد باقر قالیباف، گەورە دانوستاندنکاری ئێران لە دانوستاندنەکانی سویسرا گوتوویەتی: "تەنگەی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕ و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبرێت."
ئەوەی کە ئایا ئێران سەرپەرشتیی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە دەکات یان نا، یەکێکە لە پرسیارە هەرە سەرەکییەکانی نێو ئەو دانوستاندنـانەی کە بڕیارە بۆ دوو مانگی داهاتوو بەڕێوەبچن.
رۆژی شەممە ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، جارێکی دیکە تەنگەی هورمزی داخستووە. لە بەرامبەردا و لە رۆژی دووشەممەدا، ئەمریکا رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی رێگەی پێبدات تاوەکو 21ـی ئاب نەوتی خاو و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمبهێنێت، بیفرۆشێت و بیگوازێتەوە.



