رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو خاوەنکارانەی پارەی قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە دەتوانن بە قیست پارەکە بدەنەوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، دەیانەوێ هاوکاریی ئەو خاوەنکارانە بکەن، کە توانای داراییان کەمە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێکارە نوێیەکان دەرفەتێکی لەبارە بۆ سەرجەم خاوەنکار و خاوەن پڕۆژەکان کە قەرزی کەڵەکەبووی بەشداریی دەستەبەرییان لەسەرە بە ئامانجی نەهێشتنی ئاستەنگە داراییەکان لەبەردەم خاوەنکاران و پشتگیریکردنیان بۆ خۆڕێکخستنەوەی یاسایی و بەدەستهێنانی نووسراوی پشتگیریی فەرمی، تاوەکو پڕۆژەکانیان بەشێوەیەکی یاسایی لە بازاڕی کاردا بەردەوام بێت.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 10ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قەرزەکان بە بڕی جیاوازن؛ هەیانە 10 ملیۆن دینارە و هەیە 50 ملیۆن دینار قەرزی لەسەرە، دەمانەوێ ئەرکیان سووک بێ بتوانن قەرزەکان بە قیست بدەنەوە".
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەوانەی 10 ملیۆن دینار یان کەمتر قەرزیان لابێت دەتوانن بە 15 قیست بیدەنەوە، ئەوانەی 11 بۆ 30 ملیۆن دینار قەرزیان لابێت دەتوانن بە 20 قیست بیدەنەوە، هەروەها ئەوانەی 31 بۆ 50 ملیۆن دینار قەرزیان لایە دەتوانن بە 25 قیست بیدەنەوە و ئەوانەشی زیاتر لە 50 ملیۆن دینار قەرزیان لابێت، دەتوانن بە 30 قیست بیدەنەوە.
رێکارە نوێیەکان بەرکارن و ئەو خاوەنکارانەی کە قەرزیان لەسەرە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بەمەبەستی سوودمەندبوون لە رێکارەکە.
نووسراوەکە بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان و زاخۆ کراوە.



