رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی سماق (ترش) لە شارەکە گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار تۆن و بەراورد بە پار دوو هێندە زیادیکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026 ئەحمەد عەلی پوور، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند، "رووبەری باخەکانی سماق لە سەردەشت هەزار و 500 هێکتارە و بەرهەمی سماق بۆ ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار تۆنە."
ئەحمەد عەلی پوور هۆکاری زیادبوونی بەرهەمەکەی بۆ "زۆریی بارانبارین و لەباربوونی کەشوهەوا" گەڕاندەوە و گوتی، بەرهەمەکە بەراورد بە پار دوو هێندە زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەردەشت ئاماژەی بەوەش کرد، سماقی ئەو شارە بەتەواوی سرووشتییە و هیچ پەین و ماددەیەکی کیمیایی لە بەرهەمهێنانیاندا بەکارنایێت؛ "ئەوەش وایکردووە سماقی سەردەشت تام و چێژێکی تایبەتی هەبێت و لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش خواستێکی زۆری لەسەر بێت."
بە گوتەی عەلی پوور، بەشێوەیەکی گشتی بەرهەمی سماق لە هەر هێکتارێکدا نزیکەی دوو تۆنە و فراوانبوونی پانتایی باخەکان، هەلی کار و داهاتێکی باش بۆ گوندنشینانی سنوورەکە دەڕەخسێنێت.
شاری سەردەشت لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ناوچەکە خاوەنی نزیکەی 80 هەزار هێکتار دارستانە و جیا لە سماق، ساڵانە چەندین بەرهەمی دیکەی وەکو ترێ، گوێز، بادام، هەنجیر و قەزوان تێیدا بەرهەم دەهێنرێن.




