رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ بەهای دینار کەمێک بەرزترە. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێ، خەڵک چاوەڕانی بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی بانکی ناوەندیی عێراقە بۆ سەقامگیریی بازاڕ.
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراودا لە هەولێر، 100 دۆلار بەرامبەر 156 هەزار و 900 دینار بوو، ئێستا [کاژێر نزیکی 11:00]، نرخی هەر 100 دۆلارێک 157 هەزار و 700 دینارە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سلێمانی 100 دۆلار بە 157 هەزار دینارە".
دوێنی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار و 200 دینار، دوای بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، بەهای دینار کەمێک بەرز بووەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق دوێنێ رایگەیاند، هیچ پلانێکیان بۆ گۆڕینی بەهای دینار نییە. راشیگەیاند: "پابەندین بە پاراستنی سەقامگیریی بەهای ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی پێویستیی بازاڕ بۆ دۆلاری ئەمریکی، ئەوەش بەپێی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەی پەسند کراون".
رەوەز میرزا گوتی: "بازاڕ دڵنیایی زیاتری لە بانکی ناوەندی دەوێ بۆ ئەوەی دۆخەکە تەواو سەقامگیر بێتەوە، چونکە هێشتا خەڵک دەترسێ لە بەهای دینار و ئەوانەی دیناریان هەیە دەیگۆڕنەوە بە دۆلار".
پێش راگەیێندراوی بانکی ناوەندیی عێراق، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، کە گوایە بەهای 100 دۆلار لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 145 هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
