رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و نیوەڕۆی ئەمڕۆ 100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاند. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێ، بانکی ناوەندیی عێراق بە راگەیێندراوێک دەتوانێت دۆخی بازاڕ ئاسایی بکاتەوە.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار و 200 دینار و دواتر کەمێک دابەزی".
باواجی گوتی: "ئێستا کاژێر 01:30ـی نیوەڕۆ، 100 دۆلار بە 159 هەزار و 100 دینارە".
هەمان کات، لە بازاری دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 159 هەزار دینارە.
دوێنێ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کورسدتان، 100 دۆلار بە 155 هەزار و 1450 دینار بوو.
حاجی سابیر گوتی: "دوای گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق، دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە، گوایە لە مانگی 9 بەدواوە، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار نافرۆشێت و دەیداتە 145 هەزار دینار، ئەوە نرخی دیناری دابەزاندووە، لەکاتێکدا هیچی فەرمی نییە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەولێر گوتی: "ئەگەر دەنگۆکان ناڕاستە، ئەوە با بانکی ناوەندی راگەیێندراوێکدا بڵاو بکاتەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دۆخی دینار ئاسایی دەبێتەوە".



.jpg&w=3840&q=75)