رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ پێشبینی دەکات، ئەم ساڵ لەو پارێزگایەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن سێو بەرهەم بێت، کە نزیکەی نیوەی هەناردە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026 محەممەدڕەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، 74 هەزار هێکتار باخ لە ورمێ تایبەتن بە سێو و بەهۆی باشی کوالێتیی سێوی ورمێ، پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بازاڕی هەناردەی سێو برەوی باشی هەبێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشچوونی ئابووریی پارێزگاکە دەبێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ، سێوی پارێزگاکە بۆ وڵاتانی وەک هیندستان، پاکستان، رووسیا، ئەفغانستان و عێراق هەناردە دەکرێت.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، لەو پارێزگایەدا 122 هەزار هێکتار باخ هەیە، کە 74 هەزاری باخی سێوە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار سێویان لێ بەرهەم دێت.
بۆ ئەم ساڵیش کشتوکاڵی ورمێ پێشبینی دەکات یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن سێو بەرهەم بێت، کە 750 هەزار تۆنی هەناردە دەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە بازاڕ دەفرۆشرێت یان بە کارگەکانی شەربەت دەفرۆشێت.
محەممەدڕەزا ئەسغەری دەڵێت، "لە ورمێ 490 ساردخانە بۆ هەڵگرتنی سێو هەن، کە توانای هەڵگرتنی یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن سێویان هەیە."




