رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە، بەرزبووەوە و قەرەبووی هەندێ لەو دابەزینەی کردەوە کە لە کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا کردبووی. رۆژی هەینی نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک هەفتەدا دابەزی.
سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت دابەزیوە و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە، بەڵام پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دوای ئاماژە توندەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، کاریگەرییان لەسەر داهاتووی نرخی زێڕ دروستکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.9% یان نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 4200 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
خولی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران لە سویسرا رۆژی دووشەممە کۆتاییهات.
میدیای ئێران دەڵێت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاندووە پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی قەتەر و پاکستان دا هاتووە: ئەمریکا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا رێککەوتوون.
ئێدوارد مێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای Marex لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بارودۆخی ئێستای سویسرا تەواو جیاوازە لە چەند کاژێرێک لەمەوبەر کاتێک هەردوولا لە کێشە و ناکۆکیدا بوون و ئێستا وادیارە پێشکەوتن بەدەست هاتووە."
مێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ ماوەیەکی تریش مامەڵەکانمان لەسەر بنەمای ئاراستە جیۆپۆلیتیکییەکان دەبێت، بەڵام بارودۆخەکە ناجێگیرە، بۆیە رەنگە باشتر بێت ئێستادا تەنیا لە دوورەوە چاودێری رووداوەکان بکەین و خۆمان لە مامەڵەی گەورە بپارێزین."

.jpg&w=3840&q=75)

