رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و جیهان لە خوار 100 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک نرخی نەوت بەرزبووەوە و گەیشتە 101 دۆلار.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 7-7-2022، بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 94 سەنت دابەزی و بە 99 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 79 سەنت دابەزی و بە 97 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک نرخی نەوت ئاراستەی خۆی گۆڕی و کاژێر 8:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر، نرخی نەوت بەرزبوونەوە.
- بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 101 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
- بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە 99 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1800 دۆلار بەرزبووەوە
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا لە درەنگانی شەوی رابردوو، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1730 دۆلار دابەزی، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی زێڕ توانی هەندێ لە زیانەکانی قەرەبوو بکاتەوە و ئێستا بە نزیکەی 1807 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەرچەندە ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا نرخی زێڕی بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە 10 مانگی رابردوودا دابەزاند،بەڵام نیگەرانی و شڵەژانی بازاڕەکانی جیهان و بەتایبەتی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا توانیویەتی هەندێ پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ بەدەستبهێنێت و لەبەرئەوەش نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە لە ئاستی 1800 دۆلار.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای بەرهەم و کاڵا ستراتیژییەکان لە نێوانیشیاندا، زێڕ.




