رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان و بۆرسەکانی تورکیا (TOBB) ئاماری نوێی تایبەت بە کۆمپانیا دامەزراو و داخراوەکانی مانگی ئایاری 2026 بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 10 هەزار و 191 کۆمپانیا چالاکییەکانیان راگرتووە و داخراون.
بەپێی ئاماری یەکێتییەکە لە مانگی ئایاردا 7.644 کۆمپانیا دامەزراون، ئەمەش 29.6% کەمترە لە مانگی نیسان کە 10.853 کۆمپانیا بوو. ئەم رێژەیە بەراورد بە ئایاری پار 12.8% دابەزیوە.
هەر لە مانگی ئایاردا 2.072 کۆمپانیا داخراون (32.8% کەمترە لە مانگی نیسان کە 3.085 کۆمپانیا بوو). ئەم رێژەیەش لەسەر ئاستی ساڵانە 29.1% کەمبووەتەوە.
لە کۆی ئەو کۆمپانیایانەی لە مانگی ئایاردا دامەزراون، 36.7%یان لە ئەستەنبوڵ، 10.7%یان ئەنقەرە و 5.6%یان لە ئیزمیر بوون.
بواری کۆمپانیا دامەزراوەکان:
-2.544 کۆمپانیا لە کەرتی بازرگانیی کۆ و تاک
-1.141 کۆمپانیا لە کەرتی بیناسازی
-978 کۆمپانیا لە کەرتی پیشەسازیی بەرهەمێنان.
بواری کۆمپانیا داخراوەکان:
-کەرتی بازرگانیی کۆ و تاک: 715 کۆمپانیا
-کەرتی بەرهەمهێنان: 269 کۆمپانیا
-کەرتی بیناسازی: 172 کۆمپانیا
سووری و ئێرانییەکان لە پێشەنگی وەبەرهێنەرە بیانییەکاندا
لە مانگی ئایاردا، پشکی سەرمایەی بیانی لە کۆمپانیا نوێیەکاندا ئاستێکی بەرزی تۆمار کردووە:
سەرمایەی بیانی نزیکەی 85.3%ی کۆی گشتیی سەرمایەی ئەو کۆمپانیایانەی پێکهێناوە کە هاوبەشی بیانییان تێدایە.
لە کۆی 840 کۆمپانیای نوێی خاوەن سەرمایەی بیانی، 425 کۆمپانیایان بە هاوبەشیی هاووڵاتیانی سووری و 52 کۆمپانیاش بە هاوبەشیی وەبەرهێنەرانی ئێرانی دامەزراون.
داتاکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ نیشانی دەدەن کە ئابووریی تورکیا بەرەو جۆرێک لە جێگیربوون هەنگاو دەنێت:
-کۆی کۆمپانیا دامەزراوەکان: گەیشتووەتە 47.423 کۆمپانیا بە ڕێژەی 5.6% زیادبوونی تۆمار کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
-کۆی کۆمپانیا داخراوەکان: گەیشتووەتە 10.191 کۆمپانیا بە رێژەی 8.3% دابەزینی تۆمار کردووە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی پار.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی تورکیا و یەکێتیی ژوورە بازرگانیەکان و بۆرسەکانی تورکیا، نزیکەی 1.2ملیۆن کۆمپانیای تۆمارکراو هەن.


