رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دواخستنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا، بەهای زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی. لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە دوێنی هەر مسقاڵێک 25 هەزار دینار دابەزی.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 918 هەزار دینارە." لە کاتێکدا دوێنێ بە 943 هەزار دینار بوو.
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، ئەمڕۆ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 962 هەزار دینارە، دوێنێ بە 988 هەزار دینار بوو.
هەروەها ئەمڕۆ نرخی زێڕی عەیار 18 میسقاڵی بە 787 هەزار دینارە، دوێنی 808 هەزار دینار بوو، عەیاری 14 ئەمڕۆ بە 612 هەزار دینارە، دوێنێ بە 628 هەزار دینار بوو.
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر گوتی: "ئەمڕۆ هەینییە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان داخراون، بۆیە کەم کەس مامەڵە بە زێڕەوە دەکات، چونکە پێدەچێت تاوەکو بەیانی نرخەکە بگۆڕدرێت".
دوێنێ ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان لە سەرو 4300 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرا، ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 4150 دۆلار دابەزی.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، گوتی: "ئەوەی لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران روودەدا یاریکردنێکی زۆر گەورەیە بە بازاڕی بۆرسە جیهانییەکان و لە بەرژەوەندی ئەمریکایە، بێگومان خۆیان وای لێدەکەن بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین قازانج".



