رووداو دیجیتاڵ
کردنەوەی دەروازەی سنووریی نسێبین لەنێوان مێردینی باکووری کوردستان و قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان چاوەڕێی هەنگاوەکانی حکومەتی سووریا و تورکیایە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد دەڵێ، گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی تورکیا گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و بە رەزامەندیی دیمەشق دەروازەکە لە ماوەیەکی کورتدا دەکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازرگانی لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد کۆبوونەوەی ئاسایی مانگی حوزەیرانی کرد.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی تورکیا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نسێبین کە نزیکەی 13 ساڵە داخراوە. محەممەد کایا گوتی، "ئەگەر حکومەتی سووریا رەزامەندی بدات، دەروازەکە لە ماوەیەکی کورتدا دەکرێتەوە. ئەم پێشهاتە هەناسەیەکی نوێ بە بازرگانیی ناوچەکە دەدات."
دابەزینی ئاستی هەناردەی ئامەد
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئامارەکانی هەناردەی پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ خستەڕوو و گوتی، هەناردە بۆ عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) بەراورد بە هەمان ماوەی پار بە رێژەی 42.3% و بۆ سووریاش بە رێژەی 35.7% دابەزیوە.
ئەم پاشەکشەیەی هەناردەی ئامەد لە کاتێکدایە، پێشتر لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025دا محەممەد کایا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو ساڵەدا بایی 400 ملیۆن دۆلار کاڵایان لە ئامەدەوە هەناردەی دەرەوە کردووە کە نزیکەی 55%ی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە.
کایا هۆکاری پاشەکشەی هەناردەکردنی تەنیا بۆ دۆخی ئابووریی ناوچەکە نەگەڕاندەوە، بەڵکو بە دۆخی ئابووریی جیهانییەوە بەستەوە.
محەممەد کایا یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی هەناردەی پارێزگاکەی باکووری کوردستانی بۆ باجی حکومەتی عێراق، ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانیی سنوور و بەردەوامیی بازرگانی لەگەڵ سووریا لە رێگەی دەروازەی جیلڤەگۆزو لە پارێزگای هاتای گەڕاندەوە.
بە گوتەی محەممەد کایا، داخرانی دەروازەی نسێبین بۆ چەندین ساڵ و ناچاربوونی بازرگانان بۆ بەکارهێنانی دەروازەی جیلڤەگۆزو توانای کێبڕکێی ئامەد و پارێزگاکانی دیکەی ناوچەکەی لاواز کردووە؛ لە کاتێکدا هەناردەی گشتیی تورکیا بۆ سووریا زیادیکردووە، دابەزینی هەناردەی ئامەد نیشانی دەدات کە ناوچەکە ناتوانێت بەپێی پێویست سوود لە بازرگانیی سنووریی راستەوخۆ وەربگرێ.
پلانی داهاتوو و بەراوردی ئامارەکان
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و پێشخستنی بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا، محەممەد کایا رایگەیاند، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد پلانی هەیە شاندێکی بازرگانیی فراوان رەوانەی سووریا بکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان و ناوەندە ئابوورییەکانی دهۆک و زاخۆ لە هەرێمی کوردستان و قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان کار و هاوئاهەنگی هاوبەش دەکەن.
لەسەر ئاستی گشتی، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا هەناردەی تورکیا بۆ سووریا بە رێژەی 24% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2 ملیار و 568 ملیۆن و 362 هەزار دۆلار، بەڵام لە هەمان ماوەدا هەناردەی ئامەد بۆ سووریا بە رێژەی 35.7% کەمیکردووە و بایی 67 ملیۆن و 43 هەزار دۆلار بووە.



