رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ و زیو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی 2026دا ئاڕاستەی دابەزینیان گرتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە نرخێکی نزمتر لە ئێستا بچنە ساڵی نوێووە.
بازاڕەکانی ژیریی دەستکرد
رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە د. ترەیدەر ناسراوە، لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح شرۆڤەی کاریگەری دوایین پەیامی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکای کرد و رایگەیاند، پەیامەکەی وارش بازاڕەکانی ژیری دەستکردیی نیگەران کردووە، چونکە پێچەوانەی لێدوانەکەی رابردوو ئەمجارە هۆشداری داوە بەهۆی ژیریی دەستکردەوە رێژەی بێکاری بەرز بێتەوە.
باسی لەوەشكرد، هۆکاری نیگەرانی بازاڕەکان لەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەرزبوونەوەی بێکاری کاریگەری ئابووری لێدەکەوێتەوە و خەرجییەکان زیاد دەکات، چونکە داواکارییەکان بۆ پێدانی بیمەی بێکاری زیاتر دەکات.
رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2026، کڤین وارش، سەرۆکی بانکی ئەمریکا رایگەیاند، ژیریی دەستکرد دەتوانێت دەرفەتی ئابووریی گەورە دروست بکات، بەڵام لەوانەیە بەهۆیەوە هەندێک دەرفەتی کار لە دەستبدرێت، بێکاری بەرزبێتەو و نرخی پشکەکان دابەزن، ئەگەر وەبەرهێنانە گەورەکانی ژیریی دەستکرد قازانجی چاوەڕوانکراو نەکەن.
گۆڕانکارییەکانی بازاڕی زێڕ و زیو
رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2026، هەر ئۆنسەیەک زیو بە نزیکەی 47 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، د. ترەیدەر پێشینی کرد زیو ناجێگری نرخ تێپەڕێنت و لەگەڵ دابەزیندا بەرەو نرخێکی جێگیر بڕوات.
نرخی زێڕ تاڕادەیەکی زۆر بە جێگیری مایەوە و لەنزیک نزمترین ئاستی زیاتر لە ساڵێکی خۆیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت. رۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2026،نرخی زێڕ نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 3870 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی رۆژی دووشەممەدا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دابەزی.
بە گوتەی د. ترەیدەر نرخی زێڕ ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندییە لەبارەی سوودی بانکییەوە کە بڕیارە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم رایبگەینێت، زۆربەی ئاماژەکانیش بەو ئاراستەیەن کە بانکەکە جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرز دەکاتەوە.
د. ترەیدەر رەتیکردەوە لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک هەبێت کە نرخی زێڕ ئاڕاستەی بەرزبوونەوە بگرێت، بەڵکو چاوەڕوانی دابەزینی زیاتری نرخی کانزا زەردەکە دەکرێت.
بەپێی پێوەری "فێد وۆچ"ی سەر بە گرووپی CME، ئێستا بازاڕەکان بە ئەگەری 95.5% پێشبینی دەکەن کە بانکی ناوەندی لە مانگی کانوونی یەکەمدا رێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی بەرزبکاتەوە، هاوکات ئەگەری 4.5% دادەنێن بۆ بەرزکردنەوەیەکی گەورەتری 0.50٪.


