نرخی زێڕ جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کرد، د. ترەیدەر دەڵێت، هەڵاوسان بەرز بێتەوە، سوودی بانکیش بەرز دەکرێتەوە و زێڕ دادەبەزێت بۆیە داوا لە بازرگانان دەکات پەلە نەکەن.
لە ئاستی رۆژانەدا نرخی زێڕ، رۆژی دووشەممە بەڕیژەی 1.7% بەرزبووەوە و هەفتەی رابردووش هەڵکشانێکی نزیکەی 5%ـی تۆمارکردووە.
رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی 2026، نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کرد و نەیتوانی درێژە بە شەپۆلی بەرزبوونەوە بدات، ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 4 هەزار و 120 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا،
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لەکاتی شرۆڤەی نرخی زێڕ لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح رایگەیاند، نرخی زێڕ لە شوێنکدا چەقیووە و چاوەڕوانی یەکلایی بوونەوەی دەسپێکردن یان وەستانی شەڕە.
دۆناڵد ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوو چەند جارێک باسی دەستپێشخەری ئاشتی لەگەڵ ئێران کرد، بەڵام هاوکات ئەمریکا چەند هێرشێکی سنوورداری دژی ئێران ئەنجامدا.
سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا و هێرشەکانی سوپای ئەمریکا گوتی، "ئەوە سەرلێشێواوی دروستکردووە، چونکە دەتوانرێت بە یەک گوتار کاریگەری لەسەر زێڕ دروست بکات"
بڕیارە ئەمڕۆ، داتاکانی نرخی بەکاربەر ( CPI) بڵاو بکرێتەوە، ئەم داتایە گۆڕانی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و ئاستی هەڵاوسان پیشان دەدات. د.ترەیدەر روونیکردەوە، ئەگەر هەڵاوسان بەرز بووبێتەوە، سوودی بانکیش بەرز دەکرێتەوە و زێڕ دادەبەزێت.
دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی نرخی نەوتی خاو، بەشێک لەو گوشارانەی سەر نرخی زێڕی کەمکردووەتەوە. هاوکات لاوازبوونی دۆلار وایکردووە کڕینی زێڕ بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی خاوەنی دراوەکانی دیکەن هەرزانتر بێت، هەرچەندە پێنوێنی دۆلار کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.



