د. ترەیدەر پێشبینی دابەزینی زیاتر نرخی زێر دەکات و دەڵێت، هەر ئۆنسەیەک دەگاتە خوار 3 هەزار و 250 دۆلار.
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 3 هەزار 964 مامەڵەی پێوە دەکرێت، نرخەکەی لە خوار 4,000 دۆلار مایەوە.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لە کاتی شرۆڤەی نرخی زێڕ لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح رایگەیاند، نرخی زێڕ زیاتر دادەبەزێت و هەر ئۆنسەیەک دەگاتە خوار 3 هەزار و 250 دۆلار.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ، د. ترەیدەر گوتی، "بەهۆی ئەو کێشە سیاسییە ناوچەییانەی دروست بووە، بەشێک لە وڵاتان لە نێویاندا تورکیا و رووسیا ناچار بوون یەدەگی زێڕی بفرۆشن".
بڕیارە رۆژی 09ـی کانوونی یەکەمی 2026، بانکی فیدراڵی ئەمریکا جارێکی دیکە بڕیار لە سوودی بانکی بدات، زۆربەی وەبەرهێنەران پێشبینی بەرز کردنەوەی سوودی بانکی دەکەن.
بە گوتەی د. ترەیدەر پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کاریگەری لەسەر هەموو بازاڕەکان هەبووە و بە رێژەی جیاواز ئاڕاستەیان بەرەو دابەزین گرتووە نەوەکو بەرزبوونەوە.
ئۆستن گووڵسبی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی شیکاگۆ راپۆرتی هەڵاوسانی مانگی تشرینی یەکەمی بە نیگەرانکەر وەسفکرد، هاوکات ئانا پاوڵسن، داڕێژەری سیاسەتی نەختی هۆشداریدا لەوەی گوشارە بەرزەکانی نرخەکان بەهۆی فاکتەری کاتییەوە دروست نەبوون.
لەلایەکی دیکەوە سوودی قەواڵە دوو ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا کە زۆر هەستیارە بە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نەختی کورتخایەن، لە مامەڵەکانی دوو رۆژی رابردوودا 0.18٪ بەرزبوونەوە. بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن لەسەرنجراکێشی زێڕ کەمدەکاتەوە.


