رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین و ئسیریۆم روویان لە بەرزییە، د.ترەیدەر دەڵێت، ناتوانرێت بگوترێت دابەزین کۆتایی هاتووە، بەڵام
تەنیا دەتوانرێت بگوترێت قەرەبووی دابەزینەکانی رابردووی کردووەتەوە.
رۆژی 04ـی
تشرینی یەکەمی 2026، یەک
بیتکۆین بە نزیکەی 84 هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
د. محەممەد
ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە
بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لە شرۆڤەیەک لەگەڵ محەممەد شێخ
فاتیح، پێشكێشکاری ئابووری رووداو رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا نرخی بیتکۆین نزیکەی 40٪ و ئسیریۆم
نزیکەی 68٪ بەرز
بوونەوەتەوە، بەڵام هێشتا بیتکۆین 4٪ و ئسیریۆم نزیکەی 9٪ لە خوار ئەو نرخەوەن کە پێشتر هەبوون.
باسی لەوەشکرد، ناتوانرێت بگوترێت دابەزین کۆتایی
هاتووە، بەڵام تەنیا دەتوانرێت بگوترێت قەرەبووی دابەزینەکانی رابردووی کردووەتەوە.
نرخی بیتکۆین لە چەند رۆژی رابردوودا بەرزبووەتەوە،
بەتایبەتی دوای ئەوەی داتاکانی هەلیکار لە ئەمریکا کەمتر بوون لە ئاستی
پێشبینیکراو، ئەوەش پێشبینییەکانی بۆ هێشتنەوە یان کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی
لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە زیاتر کرد.
ژمارەیەک لە بانکەکانی جیهان پێشبینی بەرزبوونەوەی
گەورەی دراوە دیجتاڵییەکان دەکەن. د.ترەیدەر گوتی،" کێشەمان لەگەڵ دراوە
دیجیتاڵییەکان ئەوەیە کە هیچ بەهایەکیان نییە، تاوەکو ئەو کاتەی کە هەردوولا لەسەر
ئەو بەهایە رێککەوتبن، چونکە هیچ شتێکی پێناکرێت تەنیا رێککەوتنە لە نێوان دوو لایەندا".
نرخی بیتکۆین لە چەند رۆژی رابردوودا ئاستی 85 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە و تەنانەت ئاستی 87 هەزار دۆلاریشی تاقیکردووەتەوە، کە پسپۆڕان وەک ئاستێکی
گرنگی بەرگری لە بازاڕدا دەیبینن.
مات مێنا، پسپۆڕی ستراتیژی لە کۆمپانیای (21shares) لەو بارەیەوە رایگەیاندووە کە تێپەڕاندنێکی روون و بەهێزی ئاستی 87 هەزار دۆلار دەتوانێت رێگە
خۆش بکات بۆ گەیشتن بە 90هەزار دۆلار و ئەگەری هەیە تاوەکو 97 هەزار دۆلاریش بەرزببێتەوە.
د.ترەیدەر
لەبارەی چارەنووس و داهاتووی دراوە دیجتاڵییەکانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پەیوەستە
بە ئەو یاسا و رێسایانەی لە داهاتوودا بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دەردەچن.
هاوکات لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا، سندووقەکانی
وەبەرهێنان لە بیتکۆین سەرکەوتوو بوون لە راکێشانی نزیکەی حەوت ملیار دۆلار، ئەوەش
وەک هۆکارێکی دیکەی پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی ئەو دراوە دیجیتاڵییە هەژمار دەکرێت.

