رووداو دیجیتاڵ
بانکی جەی پی مۆرگان رەتیدەکاتەوە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بتوانێت پێشبینی دۆخی داهاتوو بکات، د.ترەیدەر دەڵێت، پێشبینی بانکەکان تەنیا بۆ ئەگەری روودانی سیناریۆکانن.
د. محەممەد ئەمین پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" رایگەیاند، "ئێمە لە بازاڕەکاندا نازانین چی روودەدات تەنیا خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین، تاوەکو زیان نەکەین".
زۆربەی بانکەکانی جیهان لە کاتە جیاوازەکاندا پێشبینی داهاتووی بازاڕەکان دەکەن، بە گوتەی د.ترەیدەر جەنگی ئێران و ئەمریکا فروانتر دەبێت، بۆیە بانکی جەی پی مۆرگان وازی لە شیکاری و پێشبینییەکانی هێناوە.
د.ترەیدەر روونیکردەوە، ئامانجی راگەیێندراوەکەی بانکی جەی پی مۆرگان ئاگادارکردنەوەی خۆ ئامادەکردنە، بە پشت بەستن بەو سیناریۆیانەی هەن.
بانکی جەی پی مۆرگان لە کۆتا راگەیێندراویدا کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، بەهۆی بەردەمی ململانێکانەوە ناتوانێت هیچ پێشبینییەکی بنەڕەتی روون بکات.
لە رابردوو بانکەکە چەند سیناریۆ و پێشبینیەکی کاریگەرییە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران کردووە، وەکو د.ترەیدەر گوتی،" پێشبنییەکان لەسەر بنەمای سیناریۆکان روونکراونەتەوە، لەسەر بنەمای ئەگەرەکانی روودان و روونەدانیان پێشبنییەکانی کردووە.
باسی لەوەشكرد، بەهۆی گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە، بانکەکە چەند جارێک گۆڕانکاری لەو پێشبنییانە کردووە کە سەرەتا بۆ داهاتووی بازاڕەکان خستوویەتیەڕوو.
جەی پی مۆرگان یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا دارایی و بانکەکانی جیهان، و لە بواری بانک، بازرگانی و دامەزراوەیی، بازاڕە دارایییەکان، بەڕێوەبردنی سامانی و خزمەتگوزارییە دارایییەکاندا کار دەکات.
بارەگا سەرەکییەکەی لە نیویۆرکە و بە هەزاران دامەزراوە و کڕیار لە خۆدەگرێت، هەروەها بە یەکێک لە سەرچاوە ناسراوەکان بۆ شیکاریی ئابووری، بازاڕی نەوت، وزە، نرخە سود و بازاڕە دارایییەکان دادەنرێت.
بانکی جەی پی مۆرگان بە فەرمی لە ساڵی 2000 دامەزراوە، بەڵام بنچینە مێژوویەکەکەی بۆ ساڵی 1799 دەگەڕێتەوە.

