رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندی ئەورووپا پڕۆژەیەکی نوێی بانکی راگەیاند، د.ترەیدەر دەڵێت، هەمان تەکنەلۆژیایی دراوە دیجیتاڵیەکان بەکاردەهێنێت.
رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2026، د.ترەیدەر لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو شرۆڤەی پڕۆژە نوێیەکەی بانکی ناوەندی ئەورووپایان کرد.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە رایگەیاند، بانکی ناوەندی ئەورووپا پڕۆژەیەکی نوێی راگەیاندووە بە بە ناوی Pontes کە بانکەکان بە بانکی ناوەندی دەبەستێتەوە، بە ئامانجی خێرا گواستنەوەی ئەو پارەیەی مامەڵەی قەواڵە داراییەکانی پێدەکرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەو پڕۆژە نوێیە دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی زیاتری کەرتی بانکی لە وڵاتانی ئەورووپا.
پڕۆژەی Pontes لە 21ـی ئەیلوولی 2026ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بانکی ناوەندی ئەورووپا خاوەندارێتی دەکات، ئامانجی ئەوەیە سیستەمە نوێیەکانی دارایی دیجیتاڵی بە سیستەمی پارەدانەکانی ئەورووپا ببەستێتەوە.
ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە ئەوەیە دارایییە دیجیتاڵەکان بتوانن بە شێوەیەکی سەلامەت و خێرا مامەڵە بە پارەی بانکە ناوەندییەکان بکەن.
بە گوتەی د.ترەیدەر پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر رێژەی هەڵاوسان نابێت، بەڵام دەتوانێت کاریگەری لەسەر رێژەی خەرجکردن هەبێت بە تایبەت لە بازاڕی دراوە دیجتاڵییەکاندا. روونیکردەوە، بانکەکان دراوە دیجیتاڵی و کریپتۆکان بەکارناهێنن، بەڵکو سوود لە تەکنەلۆژیا بلاکچین وەردەگرن کە هەمان ئەو تەکنەلۆژیایە ئەو دراوانە بەکاری دەهێنن.
سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای بلاکچین و کاریگەری لەسەر دراوە دیجتاڵییەکان، د.ترەیدەر گوتی،"دەکرێت رێگە خۆشكەر بێت بۆ قبووڵکردنی ئەو دراوانە، چونکە سەرەتایەکە بۆ تێکەڵکردنی کریپتۆکان لەگەڵ سیستمی بانکی".
رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2026، رۆژێک دوای راگەیاندنی پڕۆژەی Pontes نرخی بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاستی 7 مانگی رابردووی خۆی و توانی 86 هەزار دۆلار دەربازبکات.
نرخی یەک بیتکۆین بە نزیکەی 85 هەزار و 600 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای ئەوەی توانی 86 هەزار دۆلار تێپەڕێنێت و ئێستا برێک لە قازانجەکانی لە دەستداوە.
رۆژی رابردوو نرخی بیتکۆین گەیشتە 86 هەزار و 350 دۆلار کە بەرزترین ئاستییەتی لە مانگی 2ـی ئەمساڵ بەدواوە.
بازرگانانی دراوە دیجیتاڵییەکان چاوەڕێن بۆیان روون بێتەوە ئایا زستانی دراوە دیجیتاڵییەکان بەسەرچووەوە و لەوە بەدواوە نرخەکان بەرزدەبنەوە؟
د.ترەیدەر بە دوری دەزانێ بەهاری دراوە دیجیتاڵییەکان نزیک بێت، ئەوەیش بەهۆی ئەو پێشهاتە ئابووری و سیاسی و سەربازییانەی لە جیهاندا روودەدەن.
نرخی بیتکۆین لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو 126 هەزار دۆلاری تێپەڕاند و لەو کاتە بەدواوە نەیتوانیوە ئەو ئاستە بەدەست بهێنێتەوە.

