رووداو دیجیتاڵ
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی نەیتوانی نرخی زێڕ دابەزێنێت. ئێستا هەر ئۆنسەیەکی کانزا زەردەکە نزیکە لە گەیشتن بە 4 هەزار دۆلار. د.ترەیدەر دەڵێ، نابێ چاوەڕێی نرخێکی بەرزی زێڕ بکرێ.
رۆژی 20ـی ئەیلوولی 2026، د.ترەیدەر لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو شرۆڤەی بازاڕە داراییەکانی جیهانیان کرد.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە رایگەیاند، خەریکە هەندێک گۆڕانکاری لە بازاڕە داراییەکاندا روودەدەن کە پەیوەندی بەو گۆڕانکارییە سیاسییانەوەیە لە ئەورووپا روودەدەن.
بە گوتەی د.ترەیدەر، ئەگەری بەشداری چین لە جەنگی ئەمریکا و ئێران هەیە، ئەگەری تێوەگلانی ئەورووپاش لەو شەڕەدا و فراوانکردنی جەنگ لەگەڵ رووسیا لە ئەگەرە بەهێزەکانە.
د.ترەیدەر پێشبینی کرد بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە گواستنەوەی پارە لە بازرگانییە جیاوازەکاندا رووبدات، ئەوەیش ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زۆرینەی کانزاکان و پشکی کۆمپانیاکان.
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2026، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری دا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، بەوەش رێژەی سوود لە 3.75٪ـەوە گەیشتە 4٪. د.ترەیدەەر گوتی: "بەهۆی ئەوەی هەر 12 ئەندامەکەی بانکی فیدراڵی دەنگیان بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دا، پێشبینی بەرزکردنەوەی جارێکی دیکەی سوودی بانکی دەکرێ".
رۆژی شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، دوای دوو رۆژ لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، بازاڕەکان لە نرخێکی بەرزی زێڕدا داخران کە 4 هەزار و 383 دۆلار بوو بۆ هەر ئۆنسەیەک.
پێچەوانەی هاوکێشە و چاوەڕوانییەکان بۆ دابەزینی نرخی زێڕ، ئێستا بانک و وەبەرهێنەرانی جیهانی پێشىینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن، بەڵام د.ترەیدەر رەتی دەکاتەوە نرخی زیڕ لە داهاتوودا گران دەبێت.


