بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری دا بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەک رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕانکاری لە نێوان 3.50٪ بۆ 3.75٪ بمێنێتەوە.
د. محەممەد ئەمین پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر ناسراوە) لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو شرۆڤەی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایان کرد.
د. ترەیدەر لەبارەی بڕیارەکەی کێڤن وارش سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی خواستەکانی بووە بۆ بەرزکردنەوە و هێشتنەوەی سوودی بانکی بووە وەکو خۆی.
بە گوتەی د. ترەیدەر ترەمپ کێڤن وارش بە کەسێکی شیاو دەزانێت، چونکە هیچ ئاماژەیەک نادات و پێشبینی ناکات تاوەکو داتاکانی داهاتوو نەبینێت.
د. ترەیدەر رەتیکردەوە، سەرۆکی ئێستای بانکی ناوەندیی ئەمریکا هیچ خواستێکی بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هەبێت لە مانگەکانی داهاتوودا.
د. ترەیدەر پێشبنینی کرد، کێڤن وارش بتوانێت لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دا بتوانێت نرخی دۆلاری ئەمریکای بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە زیاتر بەرز بکاتەوە.
زەنگی مەترسیدار
شیکردنەوەی پێوەرکانی بافێت بەشێکی دیکەی شرۆڤەکانی د. ترەیدەر و محەممەد شێخ فاتیح بوو کە داتاکانی ئێستا بە زەنگی مەترسیدار ناوبرا.
پێوەری بافێت (The Buffett Indicator) بریتییە لە پێوەرێکی دارایی کە کۆی گشتی سەرمایەی بازاڕی پشکەکان دابەش دەکات بەسەر کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتدا (GDP) بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا بازاڕی پشکەکان گرانە یان هەرزان.
پێوەری بافێت دەریدەخات، رێژەی ئێستای لە ئەمریکا %234.3ـە، د.ترەیدەر گوتی،" ئەو رێژەیە بەو واتایە دێت کە پشكی بازاڕەکانی ئەمریکا بووەتە 2.3 هێندەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، بۆیە ئەو زەنگی مەترسیدارە لێدراوە.
ریکۆردی مێژووی پێوەری بافێت %234.4بوو. .ترەیدەر رونیکردەوە، هەمیشە داتاکانی پیوەرەکانی بافێت لە خوار 100 بووە، داتاکانی ئێستا ئەوە دەردەخەن کە دەکرێت بەهای بازاڕەکانی زۆر راستەقینەنین.
پێوەری CAPEـی شیلەر یەکێکی دیکە لە پێوەرەکان کە نرخەکان بەراورد دەکات بە 10 ساڵی قازانجی کۆمپانیاکان و ئێستا داتاکانی پێوەرە بووەتە 41.
د.ترەیدەر لەبارەی ئەو پێوەرە گوتی،" لە 100 ساڵ رابردوو، ئەمە دووەم جارە دەگاتە ئەو ئاستە، بۆیە ئەگەر سەیری داتاکانی پێوەری CAPEـی شیلەر بکرێت دەتوانرێت ئەو هۆشداری و مەترسیانە ببینێت."
لە مانگی ئادارەوە و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران، نرخی وزە و پەین لە جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو. دایان سوۆنک، سەرۆکی شارەزایانی ئابووری لە کۆمپانیای (KPMG) ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هەڵاوسان مانگی رابردوو بۆ 3.5٪ دابەزی، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەهۆی ناسەقامگیریی نرخی نەوت دووبارە بەرز ببێتەوە. سوۆنک گوتی، "هەڵاوسان زیانی زۆر بەو خێزانانە دەگەیەنێت کە داهاتیان کەمە؛ ئەم دۆخە خەریکە هەموو کەرتەکانی خۆراک و پێداویستی دەگرێتەوە".
