لە یەک رۆژدا زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار سەرمایە لە سندووقەکانی ETF چوونەتە دەرەوە و چوونە دەرەوەی سەرمایەکانیش تاوەکو ئێستا بەردەوامن، د. ترەیدەر پێشبینی دەکات، نرخی بیتکۆین زیاتر دابەزێت و بگاتە 73 هەزار دۆلار.
نرخی یۆرۆ بۆ نزمترین ئاستی خۆی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئایاری 2025ـەوە دابەزیوە.
یۆرۆ بەرامبەر بە پاوەندی بەریتانیش دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی لە دوای سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2025ـەوە، ئەوەیش بەهۆی شۆکی نرخەکانی وزە، قەیرانی قەرزەکانی فەرەنسا و بەهێزبوونی بەرچاوی دۆلار روویداوە.
رۆژی 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لە شرۆڤەکانیدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری ئابووری رایگەیاند، سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی ئەورووپا لە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان، پێدانی قەرزی زۆر بە ئۆکراینا، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بڕیارەکانی ترەمپ دژ بە ئەورووپا لە سەرەکیترین هۆکارەکانی دابەزینی نرخی یۆرۆن.
د. ترەیدەر پێشبینی کرد گوشارەکان لەسەر یۆرۆ زیاتربن و نرخی یۆریۆ وەکو دراوی فەرمی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زیاتر دابەزێت کە ئێستا خەڵک خواستی کڕینی دۆلارییان هەیە.
هەڵکشانی تێچووی وزە، کێشەکانی بازاڕی قەواڵەکان و نیگەرانی لە دۆخی دارایی و سیاسی لە فەرەنسا و بەهێزبوونی دۆلار، گوشاری گەورەیان لەسەر دراوە هاوبەشەکەی ئەوروپا دروستکردووە.
پاشەکشەی یۆرۆ لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی ئەورووپا ئەمساڵ دوو جار رێژەی سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە، کە لە دۆخی ئاساییدا دەبووایە نرخی یۆری بەرزکردابایەوە.
چەند رۆژێکە گرانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی فراوانی لە فەڕەنسا دروستکردووە و خۆپێشاندان زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، د. ترەیدەر گوتی، "مەترسییەکە ئەوەیە کە کێشەکان لەوێدا نامێننەوە، بەڵکو تەشەنە دەکەن بۆ وڵاتانی تریش وەک ئیتاڵیا، ئەمەش وەبەرهێنەرانی نیگەران کردووە و سەرمایەکانیان بۆ خۆپاراستن دەبەنە دەرەوە و دەیگۆڕن بۆ دۆلار."
رۆژی چوارشەممە، یۆرۆ بە نزیکەی 1.111 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە نزمترین ئاستیەتی لە دوای نێوەڕاستی ئایاری 2025ـەوە، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەدا کەمێک بەرزبووەوە بۆ دەوروبەری 1.121 دۆلار.
رۆژی هەینیش کە دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەبوو هەر لە نزیک 1.12 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بە گشتی نرخی یۆرۆ لە کۆتایی مانگی ئابەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 5%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، بەوەیش تەواوی ئەو دەستکەوت و بووژانەوەیەی کە لە وەرزی هاویندا تۆماری کردبوو، سڕییەوە.
بەرامبەر بە پاوەندی بەریتانیش، نرخی یۆرۆ بۆ نزیکەی 0.842 پاوەند دابەزیوە، کە نزمترین ئاستییەتی لە دوای سەرەتای حوزەیرانی 2025ـەوە.
سەرمایە لە دراوە دیجیتاڵییەکان دەچنە دەرەوە
رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڕی 152 ملیۆن دۆلار سەرمایە لە سندووقەکانی ETF دەرچوون کە شارەزایانی بازاڕە داراییەکان هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسی لەلای وەربەرهێنەران دەگێڕنەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە18ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی بیتکۆین کەمێک لە زیانەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە و یەک بیتکۆین بە 81 هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
د. ترەیدەر پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی بیتکۆینی کرد بە جۆرێک لە نێوان 73 هەزار دۆلار بۆ 77 هەزار دۆلاردا جێگیر بێت.
باسی لەوەشکرد، ئێستا کڕیارێکی کەم لە بازاڕەکانی بیتکۆیندا هەن، چونکە وەربەهێنەران چاوەڕێی بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن.
داتای دراوە دیجتاڵییەکان ئاشکرای دەکەن کە زۆربەی ئەو پارەیەی لە بیتکۆین چوونەتە دەرەوە پشکی کۆمپانیای بلاکڕۆک (BlackRock) بووە.
رۆژی هەینی ئەم دراوە دیجیتاڵییە لە دەوروبەری 82 هەزار دۆلاردا مامەڵەی پێوەکرا، ئەوە وایکردووە کڕیاران چاویان لە بەرزبوونەوەیەکی 30% بێت کە نرخەکەی بۆ سەرووی 106 هەزار دۆلار دەبات؛ هەرچەندە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هاتنەناوەوەی سەرمایەی نوێ و بووژانەوەیەکی بەردەوام هەیە.
رۆژی پێنجشەممە بەهای بیتکۆین بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ نزیکەی 79,770 دۆلار دابەزی پێش ئەوەی دووبارە بەرزببێتەوە.
ئامارە بەرزەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا و ترسی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی، وایان لە بازرگانان کردووە دوودڵ بن لە کڕینی ئەو سەرمایانەی هەڵبەز و دابەزی خێرایان هەیە، بە جۆرێک تەنانەت گەورەترین دراوی دیجیتاڵیش نەیتوانیوە لەژێر ئەم گوشارە دەربازی بێت.
هەڵکشانێکی 30% لە ئاستی 82 هەزار دۆلارەوە، بەهای بیتکۆین دەگەیێنێتە نزیکەی 106,600 دۆلار، بەڵام بۆ ئەوەی بیتکۆین بەم رێڕۆیەدا سەربکەوێت، پێویستی بە هاتنەناوەوەی بەردەوامی سەرمایەی نوێ هەیە.
کڕینی پشکی سندووقەکانی بیتکۆین (ETF) و هێوربوونەوەی دۆخی ئابووریی جیهان یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەم هەڵکشانە، بەڵام هیچ کام لەم هۆکارانە گەرەنتی نەکراون.



