رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان
روویان لە دابەزینە، د. ترەیدەر دەڵێت، زێڕ و زیو زیاتر دابەزن، بە جۆرێک دەکرێت نرخی
ئۆنسەیەک زیو بگاتە 35 دۆلار.
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان،
کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لە کاتی شرۆڤەی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری
ئابووری رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پێنوێنیی نرخەکانی بەکاربەر (CPI) لە مانگی ئەیلوول دەریانخستووە کە
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە لە رابردوو بێهۆکار نەبووە،
چونکە پێشتر تەنیا گرانی سووتەمەنی هەبووە، بەڵام ئێستا گرانی بابەتەکانی دیکەشی
گرتووەتەوە.
داتاکانی نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا دەریانخستووە کە پێنوێنیی نرخەکانی
بەکاربەر (CPI) لە مانگی ئەیلوول دا لەسەر بنەمای مانگانە بە رێژەی
0.6% بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش خێراترین ئاستی بەرزبوونەوەیە لە دوای مانگی نیسانەوە
و هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی وزە دەگەڕێتەوە.
ئەم ئامارە بەرزانەی هەڵاوسان وایان لە وەبەرهێنەران کرد پێشبینییەکانیان
بۆ ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی بانکی ناوەندی
بۆ نزیکەی 30% زیاد بکەن. لە دوای پەککەوتنی خستنەڕووی وزە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی
نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، زێڕ زیاتر لە 20%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە،
چونکە ئەم قەیرانە بووە هۆی هەڵکشانی هەڵاوسانی جیهانی و بەرزکردنەوەی رێژەی سوود
لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.
رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی
2026، نرخی ئۆنسەیەک زیو بە 56 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا کە بەراورد سەرەتای ئەم
هەفتەیە نزیکەی 5 دۆلار رووی لە دابەزین کردووە، د. ترەیدەر گوتی، "هۆکاری
کەمبوونەوەی نرخی زیو کەمبوونەوەی داواکاری کڕین و بەکارهێنەرانە".
بە گوتەی د.ترەیدەر دابەزینی
نرخی زیو بەردەوام دەبێت تاوەکو دەگاتە نرخێکی کەمتر کە بازرگانە گەورەکان
چاوەڕوانی دەکەن.
باسی لەوەشكرد، ئاماژەکان دابەزینی
نرخی زیو نیشان دەدەن، بۆیە دەکرێت نرخەکەی تاوەکو 35 دۆلاریش دابەزێت.
هەرچی تایبەتە نرخی زێڕ
ئێستا کانزا زەردەکەش رووی بەرەو دابەزینە، هەر ئۆنسەیەکی بە 4 هەزار و 158 دۆلار مامەڵەی
پێوەدەکرێت.
د. ترەیدەر ئاماژەی بۆ
ئەوەکرد، شکاندنی نرخی 4 هەزار دۆلار بۆ زێڕ قورس نییە و چاوەڕوان دەکرێت نرخی باشتریش
ببینێت.
ئێستا چاوی وەبەرهێنەران
لەسەر پەیامەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە، پێش ئەوەی بانکەکە
رۆژی شەممە بچێتە قۆناخی بێدەنگیی میدیاییەوە بۆ کۆبوونەوەی دیاریکردنی سیاسەتی
نەختی لە 27 و 28ـی تشرینی یەکەم.
بڕیارە درەنگانی رۆژی
پێنجشەممە بە کاتی نیویۆرک، وارش لە میانی کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو
لە بانکۆک وتارێک پێشکەش بکات.



