رووداو دیجیتاڵ
د. ترەیدەر نرخی ئێستای زێڕ و زیو بە گران دەزانێت و دەڵێت، بۆ کڕین نابن.
ئەمڕۆ 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە نزیکەی 60 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
داهاتووی نرخی زێڕ و زیو تەوەری شرۆڤەی د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان (د. ترەیدەر) و محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری رووداو بوو.
د. تریدەر سەبارەت بە نرخی زیو رایگەیاند، ئەگەر زیو لە هەمان نرخیدا بمێنێتەوە و خواست لەسەری نەگۆڕێت، خەڵک بە دوای جێگرەوەیدا دەگەڕێت، بۆیە ئێستاش پیشەسازییەکی وەکو پانێڵی هەتاوی دەیەوێت لەبری زیو ماددەی دیکە بەکاربهێنێت.
لە ماوەی رابردوو نرخی زیو گەیشتە 70 دۆلار، بەڵام دواتر نرخەکەی جارێکی دیکە دابەزی. د. تریدەر گوتی،" زیاتر لە 60 دۆلار بۆ کڕینی زیو زۆرە و کەمتر لە 50 دۆلاریش نرخێکی مامناوەندە، بۆیە ئێستا کڕین کەمە."
د. ترەیدەر نرخی 48 – 49 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زیو بە نرخێکی گونجاو بۆ کڕینی زیو وەسفکرد کە لە ئێستادا زیاتر لە 10 دۆلار لەو نرخە بەرزترە.
بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی زیو کەمکردەوە و هۆشداریدا لەوەی ئەو کانزایە رووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی کێشەکانی خستنەڕوو لە بازاڕی فیزیکیدا، هەروەها لاوازبوونی خواستی پیشەسازی و کاریگەریی نەرێنیی پێشبینییەکان لەسەر بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی.
بانکەکە پێشبینیی تێکڕای نرخی زیوی بۆ ساڵی 2026 لە 84.30 دۆلارەوە بۆ 70.60 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک کەمکردەوە، هەروەها پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2027ـیش لە 85.80 دۆلارەوە بۆ 63.90 دۆلار دابەزاند.
لە 6ـی تشرینی یەکەمدا، بەرێوەبەرانی بازرگانی کانزا بەنرخەکان لە بانکی جەی پی مۆرگان هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردبوو کە ئەگەری سەپاندنی پێناسی گومرگیی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر زیودا کەم بووەتەوە، ئەوەش لەوانەیە ئەو سەرلێشاوییەی بازاڕی زیو هێور بکاتەوە کە بەهۆی کۆگاکردنی زیو لە ترسی باج و گومرگەکان دروست بووە.
ئەمڕۆ 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی زێڕ دوای دابەزین جارێکی دیکە نرخەکەی بەرز بووەوە، ئێستا هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4 هەزار و 190 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
د. ترەیدەر نرخی ئێستا بۆ کڕینی زێڕ بە گران دەزانێت و باشترین نرخ بۆ کڕینی زێڕ نزیکەی 3 هەزار و 700 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دەزانێت.



