نرخی زێڕ بەراورد بە دوێنێ دابەزیوە، پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ئەگەری دابەزینی نرخەکە بۆ خوار 4 هەزار دۆلار هەیە.
رۆژی 28ـی تەمموزی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 4 هەزار و 48 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەراورد بە رۆژی رابردوو نرخی زێڕ نزیکەی 25 دۆلار بەهاکەی لە دەستداوە.
د. محەممەد ئەمین پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووری رووداو شرۆڤەی نرخی زێڕیان کرد و رایگەیاند، دەنگۆکانی دەستپێکردنەوە دانوستاندنەکان نرخی زێڕ بەرز بووەوە، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا نرخەکەی دابەزی.
ئەگەرچی ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە، بەڵام هێشتا دۆخی ناوچەکە لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەسەر مێزن.
ئەو پسپۆڕەی بازاڕە داراییەکان، بۆچوونی وایە بازاڕ دڵنیا نییە لە چارەنووسی دۆخەکە و راگەیاندنی ئاگربەستی کۆتایی، بۆیە ئاڕاستەی بازاڕ بەرەو خوارەوەیە.
د. محەممەد ئەمین پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە د. ترەیدەر ناسراوە پێشبینی کرد، ئەگەر هەواڵی تایبەت لەبارەی کۆتایی هاتنی جەنگەوە نەبێت، دەکرێت زێڕ 4 هەزار یان خوار 4 هەزار دۆلاریش ببینێت.
بەرزبوونەوەی نرخ، یەکێک بوو لە سیناریۆکانی نرخ زێڕ کە د. ترەیدەر پێشبینی کرد لە ئەگەری بە دیهاتنیدا نرخی هەر ئۆنسەیەک بگاتە نزیکەی 4 هەزار و 90 دۆلار.

