کاریگەری بڕیارەکەی عێراق بۆ دابەزاندنی نرخی دراوەکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی خەریکە لە بازاڕەکاندا دەردەکەون، د. ترەیدە دەڵێت، دابەزینی نرخی دینار، هەڕەشەیە بۆ وەبەرهێنان و هێزی کڕینی هاووڵاتیان.
نرخی دینار دوای دابەزاندنی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ، جارێکی دیکە جووڵەی بۆ بەرزبوونەوە دەستپێکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی هەر 100 دۆلارێک بە نزیکەی 163,500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح شرۆڤەی نرخی نوێی دیناری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی کرد و رایگەیاند، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و هەلیکار لە عێراق دەبێت، چونکە ناسەقامیگری و نادڵنیایی دروست دەکات.
باسی لەوەشکرد، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر چوونە دەرەوەی دەستەبژێران دەبێت، بەهۆی ئەوەی لێرە هەقدەستیان بە دینار کەمە و دەچنە ئەو وڵاتانەی هەقدەستەکانیان بە دۆلارە.
عێراق یەکێکە لە وڵاتە هاوردەکارەکان و دۆلار وەکو دراوێکی فەرمی بۆ هاوردەکردنی کاڵاکان بەکاردەهێنێت، دابەزاندنی نرخی دینار راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هێزی کڕینی دراوەکە دەبێت.
بە گوتەی د. تریدەر لە دۆخێکی وەکو ئێستادا بازرگانان کە بە دۆلار کاڵا هاوردە دەکەن، ناچارن نرخەکان بەرز بکەنەوە کە ئەوە کاریگەری لەسەر قەبارەی فرۆشیان دەبێت، ئەگەر بەرزیشی نەکەنەوە بەو نرخە بۆیان نافرۆشرێت.
بەهۆی بڕیاری گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی یەک تریلیۆن دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، کە دەتوانێت چواریەکی کورتهێنانەکەی پێ پڕبکاتەوە، کە مانگانە نزیکەی چوار تریلیۆن دینارە.
د. ترەیدەر گوتی،" ئەگەر ئێستا بە خەڵکی بگوترێت 13٪ یان 20٪ـی مووچەکانیان دەبڕێدرێت رەنگە خۆپێشاندان بکەن، بەڵام کاڵایەک دەهێنین و دابەزاندنی نرخی دراو و گرانی بەکاردەهێنین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، حکومەتی عێراق خەریکی دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیاری خراپە کە کاریگەری قورسی لەسەر بڕیارەکان دەبێت، بۆیە حکومەت پێویستی بە هاوئاهەنگیکردنە بە تایبەت بۆ ساخکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی لە نێوخۆدا بەرهەمدەهێنرێن.
رۆژی چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی فەرمیی فرۆشتنی دۆلار دەستکاری بکات، ئەمەش شڵەژانێکی زۆری لە بازاڕەکانی دراو دروستکرد و بەهای 100 دۆلار لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 170 هەزار دینار.
لە 6ی تشرینی یەکەمەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەهای فەرمیی دینار بەرامبەر بە دۆلار بگۆڕێت، لە 130 هەزار دینارەوە بۆ 150 هەزار دینار ، پاساوی سەرەکیی ئەو گۆڕانکارییەش پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکانێتی.


