جەنگی ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروست کردووە، بە تایبەت داخستنی تەنگەی هورمز کە 20٪ نەوتی جیهانی لێ تێپەڕ دەبێت.
داخستنی هورمز، حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەیان لەسەر تەنگەی بابولمەندەب دروست کردووە کە نزیکەی 7٪ـی نەوتی جیهانیش لەو تەنگەیەوە تێپەڕ دەبێت.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە دارییەکان ناسراوە بە د.ترەیدەر لە بووڵتەنی ئابووری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئێستا وڵاتان خەمێکی زیاتر دەخۆن بۆ پاشەکەوتی سووتەمەنی و دۆزینەی رێگەی هاتووچۆکردنی نوێی کاڵا و سووتەمەنی.
د.ترەیدر بە ئاماژەکردن بەو کێشانەی رووبەڕووی وڵاتانی بەرهەمێنەری نەوت بووەتەوە، پێشبینی کرد نرخی نەوت و سووتەمەنی لە جیهاندا زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئەمڕۆ 23ـی تەمموزی 2026، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە زیاتر لە 97 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا کە رۆژی 22ـی تەمموز نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 92 دۆلار بوو.
سەرەتای مانگی تەمووز نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت نزیکەی 70 دۆلار بوو، داتاکان دەریدەخەن دوای دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی جەنگی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوت بە رێژەی 30٪ بەرز بووتەوە.
مامەڵەی نەوت لە جیهاندا بە دۆلار دەکرێت، بە گوتەی د. محەممەد ئەمین پسپۆڕی بازاڕە دارییەکان کە بە د.ترەیدەر ناسراوە بەرز بوونەوەی نرخی نەوت هاوکار دەبێت لە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار لە جیهاندا.
عێراق وڵاتێکی هەناردەکاری نەوتە، بەڵام زۆرینەی کاڵا و پێداویستییەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات، د. ترەیدەر گوتی،" لەبەرئەوەی تەنیا نەوت هەناردە دەکات و کاڵاکانی دیکە هاوردە دەکات، بۆیە دەکرێت دیناری هەرزانتر بینرێت".

